Erbil 31°C دووشەممە 15 حوزەیران 01:09

دانوستانە بازرگانییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا پێشکەوتنیان بەدەستهێنا

کوردستان TV
100%

ڕاپۆرتە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دانوستانەکانی نێوان 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا سەبارەت بە پەسەندکردنی ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشکەوتنی باشی بەدەستهێناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی و کۆتاییهێنان بە تەواوی پرسەکان.

حکوومەتی قوبرس کە سەرۆکایەتی خولی ئێستای ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا دەکات، ڕایگەیاندووە کە لە چەندین پرسدا هەنگاوی گرنگ نراوە و جەختی کردەوە کە دەیانەوێت ئەم "وزە ئەرێنییە" بەردەوام بێت. بڕیاریشە گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا لە 19ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکان.

لەمبارەیەوە، مایکل دامیانۆ وەزیری وزە و بازرگانی قوبرس ڕایگەیاند، ئەوان پابەندن بە بەردەوامبوونی گفتوگۆ بونیادنەرەکان لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کارە یاسایی و تشریعییەکان تەواو بکرێن. هاوکات بێرند لانگه، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا کە سەرپەرشتی ئەم دەسپێشخەرییە دەکات، ئاماژەی بەوە کرد کە "هەنگاوی باش نراوە، بەڵام هێشتا کارێکی زۆر ماوە بۆ ئەنجامدان" پێش ئەوەی ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم پەرەسەندنانە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی باجی نوێی بەسەر ئۆتۆمبێل و بارھەڵگرە هەناردەکراوەکانی ئەوروپا بۆ ئەمریکا کردووە و یەکێتی ئەوروپای بەوە تۆمەتبار کردووە کە ڕێز لە ڕێککەوتنە بازرگانییەکان ناگرێت. لە بەرامبەردا، کۆمسیۆنی ئەوروپا جەختی کردەوە کە یەکێتییەکە پابەندە بە ڕێککەوتنی "تیرنبێری" کە لە سکۆتلەندا واژۆ کرابوو؛ بەپێی ئەو ڕێککەوتنە یەکێتی ئەوروپا باجی لەسەر زۆربەی هاوردە ئەمریکییەکان هەڵدەگرێت، لە بەرامبەردا ئەمریکا پابەند دەبێت بەوەی باجی سەر کاڵا ئەوروپییەکان لە 15% تێنەپەڕێت.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.