بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمی و گەیاندنی پەیامی هاوسۆزی، مەلامستەفا بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ خانەوادەی ئەو هاووڵاتیانە ئەنجامدا کە بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێن لە گەلی عەلی بەگ کەوتنە نێو ڕووبار و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
لەو پەیوەندییەدا، مەلامستەفا بارزانی وێڕای دەربڕینی قووڵترین هاوسۆزی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیان، ڕایگەیاند کە لە نزیکەوە و بە وردی چاودێری دۆخەکە و هەوڵەکانی گەڕان دەکات، هەروەها دووپاتی کردەوە کە خۆی بە هاوبەشی ڕاستەقینەی خەم و پەژارەیان دەزانێت.
هاوکات، مەلامستەفا بارزانی پێزانینی زۆری بۆ ماندووبوون و هەوڵە بێپچڕانەکانی تیمەکانی بەرگری شارستانی سۆران و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەربڕی، کە لە ساتەوەختی ڕووداوەکەوە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە ئەرکدان بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووان و هەموو تواناکانیان بۆ ئەو مەبەستە خستووەتە گەڕ.
لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، مەلامستەفا بارزانی ئامادەیی تەواوی خۆی نیشاندا بۆ دابینکردنی هەر جۆرە پشتیوانی و پێداویستییەک کە ببێتە هۆی ئاسانکاری و خێراترکردنی پرۆسەی گەڕان، تا گەیشتن بە ئەنجام و دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە ئازیزانە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.