Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 20:51

وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ (کوردستان تیڤی): حکوومەتی هەرێم پلانی بۆ گەنمی ئەمساڵی جوتیاران هەیە

کوردستان TV
100%

پێشبینی كراوە بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان سێ هێندە زیاد بکات بەهۆی ئەوەی بارانێکی باش باریوە، رەنگە بەرهەمەكەی بگاتە زیاتر لە 2.5 ملیۆن تۆن، كەچی حكوومەتی عێراق بڕیاریداوە تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگرێت.

هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) رایگەیاند: ئەمساڵ بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە، کوالێتی گەنمی هەرێمی كوردستان زۆر بەرز بووەتەوە و جیاوازی لەنێوان گەنمی بەراو و دێمی نەماوە، بەو پێیەی هەمووی بووەتە گەنمی جۆری نایاب.

گوتەبێژی وەزارەت ڕایگەیاند: بڕیارە یەکەمین وەرزی دروێنەی گەنمی ئەمساڵ لە ناوچەکانی دەشتی هەولێر و مەخموور دەست پێ بکات.

لەلایەكی دیكەوە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی گرنگ لەبارەی گەنمی ئەمساڵ دەرکران.

بەپێی بڕیارەکان، عێراق تەنها 400,000 تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، کە 292,000 تۆنی لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵ دەبێت، 108,000 تۆنەکەی دیکە لە دەرەوەی پلانەکەیە.

سەبارەت بە نرخی گەنمیش، حكوومەتی عێراق بڕیاریداوە هەر تۆنێکی گەنم کە لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵدا بێت بە 700,000 دینار وەر بگیرێت، ئەو گەنمەشی لە دەرەوەی پلانەکە بێت بە 500,000 دینار دەبێت.

لەمبارەیەوە هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی توندی لەو بڕە گرت کە حكوومەتی عێراق دیاری کردووە و بە "زۆر کەم" وەسفی کرد، چونکە بەرهەمی ئەمساڵ زۆر زیاترە لەو بڕەی كە بەغدا وەری دەگرێت.

هیوا عەلی ئاماژەی بەوەش دا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕاسپاردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و ساخکردنەوەی تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان.

گوتەبێژی وەزارەت ئاشکراشی کرد کە هەردوو کۆمپانیای (كار و قەیوان) لە هەرێمی کوردستان ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی ئەو گەنمەی لە سایلۆکانی حکوومەتی فیدراڵ وەرناگیرێت، بە هەمان نرخی بەغدا لە جوتیاران بکڕنەوە.

جەختیشی كردەوە كە ئەم هەنگاوە بە ئامانجی پاراستنی مافی جوتیاران و ساخکردنەوەی تەواوی بەرهەمەکانە لەناو بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، تاوەکو هیچ جوتیارێک زەرەرمەند نەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.