لە بەردەوامیی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2026/5/5، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی ئێزدی، فەیلی و سابیئەی مەندائی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی پێکهاتەکان و مافە دەستوورییەکانیان.
لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی پێکهاتەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە وردی تاوتوێ کرا و جەخت لە گرنگیی مسۆگەرکردنی بەشداریی کارای ئەوان لە پرۆسەی سیاسی و بەدەستهێنانی تەواوی مافە دەستوورییەکانیان کرایەوە. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە میانی دیدارەکەدا پشتیوانیی بەردەوامی خۆی بۆ مافی هەموو پێکهاتەکان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، هەرچی لە توانادا بێت دەیکەن بۆ بەشداریکردنی ڕاستەقینەیان لە پرۆسەی سیاسی و کارگێڕیی وڵاتدا، چونکە ئەمە دەبێتە مایەی چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و بەهێزکردنی پرەنسیپەکانی دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان هەموو پێکهاتە جیاوازەکاندا.
لای خۆیانەوە، نوێنەرانی پێکهاتەکانی ئێزدی، فەیلی و سابیئەی مەندائی سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەت لە هەوڵەکانیدا بۆ پاراستنی ماف و شایستە یاسایی و دەستوورییەکانیان و رۆڵی لە دروستکردنی کەشێکی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.