Erbil 31°C سێشەممە 16 حوزەیران 05:18

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا: ئەمریکا دەکشێتەوە و دەبێت پشت بە خۆمان ببەستین

کوردستان TV
100%

بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرامبەر بڕیاری واشنتن بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی لە خاکی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە جێگەی سەرسوڕمان نییە و پێویستە وڵاتانی ئەوروپا چیتر بەرپرسیارێتی ئاسایشی خۆیان بگرنە ئەستۆ.

پیستۆریۆس لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" نێردراوە، ئاماژەی بەوە کرد کە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا و بەتایبەت لە ئەڵمانیا "پێشبینیکراو بووە". جەختیشی کردەوە کە ئەم دۆخە نوێیە وا دەخوازێت "ئێمەی ئەوروپی بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر لە بەرامبەر پاراستنی ئاسایشی خۆماندا هەڵبگرین" و هەوڵی جدیتر بدەین بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری لە کیشوەرەکەدا.

ئەم لێدوانانەی وەزیری بەرگری ئەڵمانیا دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، پیت هیگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریکا فەرمانی داوە بە کشاندنەوەی نزیکەی 5000 سەرباز لە ئەڵمانیا لە ماوەی یەک ساڵدا. ئەم بڕیارە بە واتای کەمکردنەوەی نزیکەی 15%ـی کۆی ئەو هێزە ئەمریکییەی لەو وڵاتە جێگیرە، کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 36000 سەرباز.

ئەم هەڵوێستەی بەرلین نیشانەی گۆڕانکارییە لە پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئامادەکاریی ئەوروپایە بۆ قۆناغێک کە تێیدا پشتبەستنی سەربازی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەمتر دەبێتەوە، بەتایبەت لە سایەی ئەو گوشارانەی واشنتن دەیخاتە سەر هاوپەیمانەکانی ناتۆ بۆ زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکانیان.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.