سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیاندا بۆ سەر باشووری لوبنان، لە ماوەی شەو و ڕۆژێکی ڕابردوودا 50 هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوە و ژمارەیەکی زۆر لە ژێرخانی سەربازیی حزبوڵایان لەناو بردووە.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمیی سوپای ئیسرائیل، هێزە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 50 هێرشی چڕیان بۆ سەر شوێنە جیاجیاکانی باشووری لوبنان ئەنجامداوە. سوپای ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە کە لەم هێرشانەدا توانیویانە 50 بنکە و ژێرخانی سەربازیی حزبوڵا بە تەواوی تێکبشکێنن. ئاماژە بەوەش کراوە کە ئامانجی ئەم هێرشانە لاوازکردنی توانای سەربازیی حزبوڵڵا و دوورخستنەوەی مەترسییەکانیەتی لەسەر ناوچە سنوورییەکانی باکووری ئیسرائیل.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە نوێیەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تەلئەبیب و حزبوڵڵای لوبنانی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ڕۆژانە هێرشی دوولایەنە لەسەر سنوورەکان بەردەوامە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە هۆشداری دەدەن لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەری و فراوانبوونی مەیدانی ململانێکان، لە کاتێکدا ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت ئۆپەراسیۆنەکانی تەنها بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانی و گەڕانەوەی ئاوارەکانی باکوورە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.