وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ هەینی زانیارییەكی وەزارەتی جەنگی ئەمریكا (پێنتاگۆن)ی رەتكردەوە و رایگەیاند، تێچووی بەرگرییەكانی ئەمریكا لە ئیسرائیل لە شەڕی دژی ئێراندا زیاتر لە 100 ملیار دۆلار بووە.
عەباس عێراقچی لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) رایگەیاندووە: تێچووی راستەوخۆی "قومارەكەی بنیامین نەتانیاهۆ" لەسەر ئەمریكا تا ئێستا زیاتر لە 100 ملیار دۆلار بووە، واتە زیاتر لە چوار هێندەی ئەو ژمارەیە بووە كە بەشێوەی فەرمی راگەیەنراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها رایگەیاندووە: تێچووی ناڕاستەوخۆ بۆ باجدەرانی ئەمریکی زۆر لەوە زیاترە، بەشێوەیەك كە بارگرانی ئەم شەڕە بۆ هەر خێزانێكی ئەمریكی مانگانە نزیكەی 500 دۆلار دەكەوێت و ئەم رێژەیەش بەردەوام بەرز دەبێتەوە.
جەختیشی كردەوە كە وەزارەتی جەنگی ئەمریكا هەموو ئەم زانیارییانەی بۆ رای گشتی وڵاتەكەی شاردووەتەوە و نایەوێ ئاشكرایان بكات.
ئەم لێدوانەی عەباس عێراقچی لە كاتێكدایە كە دوو رۆژ بەر لە ئێستا، جۆڵز هێرست بەرپرسی دارایی لە وەزارەتی جەنگی ئەمریكا (پێنتاگۆن) رایگەیاندبوو: تێچووی شەڕی ئێران لەسەر ئەمریكا تا ئێستا نزیكەی 25 ملیار دۆلار بووە، بەشی زۆری ئەم پارەیەش لە چەك و مووشەك و تەقەمەنی خەرج كراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.