Erbil 31°C سێشەممە 04 ئاب 21:16

پلانێكی نوێی ئەمریكا بۆ هێرشكردنە سەر ئێران ئاشكرا دەكرێت

کوردستان TV
100%

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەكەی لەنێویاندا پیت هێگسەس وەزیری جەنگ و  ئەدمیرال براد کوپەر فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) كۆببێتەوە بۆ تاوتوێكردنی پلانی تۆكمەی هێرشی بەپەلە و بەهێز بۆ سەر ئێران.

ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاوی كردەوە: كۆبوونەوەكەی ترەمپ لەگەڵ سەركردەكانی ئەمریكا لە كاتێكی درەنگی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجام دەدرێت، تێیدا تاوتوێی گورزێكی بەپەلە و بەهێز بۆ سەر ئێران دەكرێت تا ناچاری خۆبەدەستەوەدان بكرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕی (ئەكسیوس) بڵاوی كردۆتەوە: فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پلانێكی "كورت و بەهێز"ی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران داڕشتووە، بەپێی پلانەكە هێرشێكی چڕ و كوشندە دەكرێتە سەر ناوچە گرنگ و پرد و ژێرخانەكانی ئێران.

لە پلانەكەدا هەروەها باس لە هێرشی زەمینیش بۆ سەر چەند شوێنێك لە گەرووی هورمز كراوە بۆ ئەوەی هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووەكە بەتەواوەتی بەڕووی كەشتییە بازرگانی و نەوتییەكان بكرێتەوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە پلانەكە ماوەیەكە بەشێوەیەكی تۆكمە داڕێژراوە و ئامادەكراوە، بڕیاریشە لە ماوەیەكی كورتی داهاتوودا جێبەجێ بكرێت ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری لەسەر بدات.

ئەمە لەكاتێكدایە كە شەڕی دژی ئێران گێژاوێكی گەورەی لە بازاڕی جیهاندا دروست كردووە و نرخی نەوتی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز كردۆتەوە، هەروەها بووەتە هۆی وەستانی هاتوچۆی كەشتییەكان لە گەرووی هورمز كە نزیكەی 20%ی نەوتی جیهان بەوێدا تێپەڕ دەبێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.