Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 22:27

وەزارەتی بەرگریی ئێران: ئەمریکا بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ "پاراستنی ئابڕووی خۆی"

کوردستان TV
100%

وەزارەتی بەرگریی ئێران ڕایگەیاند، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر پەرەسەندنە ئەمنی و سەربازییەکانی ناوچەکەدا گەیشتووەتە بنبەست و ئێستا لە هەوڵی دۆزینەوەی "ڕێگەیەکدایە بۆ پاراستنی ئابڕووی خۆی". بەپێی ڕاپۆرتی میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری جەختیان کردووەتەوە کە واشنتن لە دۆخێکی هەستیاردایە و دەیەوێت بە کەمترین زیانی سیاسی و سەربازی لەو ئاڵۆزییانە دەربچێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئێراندا هاتووە، کە جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و هێزی زەمینی، نیشانەی لاوازی و شکستی سیاسەتەکانی ئەو وڵاتەیە لە بەرامبەر هێزە ناوچەییەکاندا. تاران پێی وایە کە ئەمریکا توانای بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆی نەماوە و ئێستا تەنیا کار لەسەر ئەوە دەکات کە چۆن پاشەکشە بکات بەبێ ئەوەی شکۆی نێودەوڵەتی و سەربازیی خۆی لەدەست بدات.

ئەم لێدوانە توندانەی تاران لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا بڕیاریدا 6000 سەربازی دیکە و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئیس جۆرج دەبلیو بووش" ڕەوانەی ناوچەکە بکات. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ئەم شەڕە لێدوانە ئاماژەیە بۆ توندتربوونی ململانێکان، لە کاتێکدا هەردوو وڵات لە ڕێگەی نیشاندانی هێز و پەیامی دیپلۆماسییەوە هەوڵ دەدەن هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندی خۆیان بپارێزن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.