Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 00:50

دوایین زانیاری لەبارەی بارودۆخی تەندروستی موجتەبا خامەنەیی ئاشكرا دەكرێت

کوردستان TV
100%

بەپێی نوێترین زانیارییەكان، موجتەبا خامەنەیی ڕابەری نوێی ئێران لە هێرشە ئاسمانییەكەی رۆژی 28ی شوبات بە سەختی بریندار بووە و رووخساری بەڕێژەیەكی زۆر سوتاوە و تا ئێستا چەندین نەشتەرگەری بۆ كراوە، بەڵام سەرەڕای ئەمانە هۆشی لەسەر خۆیەتی و باشە.

بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی (نیۆیۆڕك تایمز) كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەسەر زاری بەرپرسێكی باڵای ئێران بڵاوی كردۆتەوە، هەرچەندە موجتەبا خامەنەیی لە هێرشە ئاسمانییەكەی رۆژی 28ی شوبات سەر تاران بەسەختی بریندار ببوو، بەڵام ئێستا تەواو هۆش و ئاگای لەخۆیەتی.

تا ئێستا سێ نەشتەرگەری بۆ قاچێكی موجتەبا كراوە و رەنگە لە كۆتاییدا قاچی دەستكردی بۆ دابنرێت، هەروەها نەشتەرگەرییەكی دیكەشی بۆ دەستی كراوە و ئێستا خەریكە هێزی دێتەوەبەر.

جگە لەوانە، دەم و لووت و رووخساری موجتەبا بەڕێژەیەكی زۆر سوتاوە و بەهۆیەوە بە ئەستەم دەتوانێت قسە بكات، بەدڵنیاییەوە دواتر چەند نەشتەرگەرییەكی جوانكاری بۆ ئەنجام دەدرێت.

موجتەبا خامەنەیی بەهۆی بوونی مەترسی لەسەر گیانی، تا ئێستا خۆی لە دەرخستن بەدوور دەگرێت و چەند كەسێكی كەم و نزیكی خۆی نەبێت كەس نایبینێت، پەیامەكانیشی لە رێگەی نامەی دەستییەوە بڵاو دەكاتەوە.  

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە هەرچەندە رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران بە سەختی بریندار بووە، بەڵام بەتەواوەتی هۆشی لەسەر خۆیەتی.

موجتەبا خامەنەیی بەهۆی خراپی بارودۆخی تەندروستی و هەروەها ئەو مەترسییانەی لەسەر ژیانیەتی، بەشی هەرە زۆری دەسەڵاتەكانی خۆی داوەتە فەرماندەكانی سوپای پاسداران و ئەوان بڕیارەكان دەردەكەن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.