Erbil 31°C پێنجشەممە 23 تەمووز 08:12

 وەزیری تەندروستی بەدواداچوون بۆ ڕەوشی تەندروستی ژەهراویبووانی زاخۆ دەکات و چێشتخانەیەک دادەخرێت

کوردستان TV
100%

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەدواداچوونی وردی بۆ ڕەوشی تەندروستی ئەو هاووڵاتییانە کرد کە لە شاری زاخۆ تووشی ژەهراویبوون بوون.

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ د. سیروان ئەحمەد نەجار، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی زاخۆ، وەزیری تەندروستی لە بارودۆخی زیاتر لە 75 هاووڵاتی کۆڵییەوە کە بەهۆی خواردنی یەکێک لە چێشتخانەکانی شارەکە تووشی ژەهراویبوون بوون. رایانگەیاند هاووڵاتییان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ کراون و تەواوی چارەسەرە پێویستەکانیان بۆ ئەنجامدراوە.

وەزیری تەندروستی جەختی لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند کردەوە و ڕایگەیاند، لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری خۆپاراستنی تەندروستی زاخۆ و بەپێی یاسای تەندروستی گشتی، چێشتخانەکە داخراوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە نمونەی خواردنەکان وەرگیراون و ڕەوانەی پشکنین کراون بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری سەرەکی ژەهراویبوونەکە.

لە کۆتاییدا، د. سامان بەرزنجی دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی زاخۆ، تیمەکانی خۆپاراستن، پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ کرد بۆ کاردانەوەی خێرا و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.