وەزیری دەرەوەی ئێران سەپاندنی گەماڕۆی ئەمریكا بۆ سەر گەرووی هورمز و بەندەرەكانی ئێران بە كردەوەیەكی شەڕانگێزی و پێشێلكردنی رێككەوتن و ئاگربەست لە قەڵەم دا.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) رایگەیاند: سەپاندنی گەماڕۆ بەسەر بەندەرەكانی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە كردەوەیەكی شەڕانگێزییە و پێشێلكردنی ئاگربەستە.
عەباس عێراقچی هەروەها رایگەیاندووە: بەئامانجگرتنی كەشتییەكی بازرگانیی ئێرانی و دەستگیركردنی تیمەكەی بە بارمتە، پێشێلكارییەكی گەورەترە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش دا: ئێران دەزانێت چۆن سنوورداركردنەكان تێپەڕێنێت، چۆن بەرگریی لە بەرژەوەندییەكانی بكات، هەروەها چۆن بەرەنگاری تۆقاندن ببێتەوە.
ئەم لێدوانەی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە كاتێكدایە كە تەنیا چەند كاتژمێرێكی كەم بۆ كۆتاهاتنی وادەی ئاگربەستی نێوان ئەمریكا و ئێران ماوە و شاندی هەردوو وڵاتیش تا ئێستا بەرەو پاكستان بەڕێ نەكەوتوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.