هونەرمەند ئەلبێرت عیسا
ژەنیار ، ئاوازدانەر ، نووسەر و مامۆستاى زانکۆ و باڵوێز ...!
هەرچەندە ناو و هونەرەکەى بەڕۆحم ئاشنا بوو، وە چەندجارێک لەکۆڕ و سیمینار لە هۆڵى یەکێتى نووسەران لقى هەولێر و هۆڵى پێشەوا لە دیوانى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان لە نزیکەوە بە دیدارى شاد ببووم ، لە ناخەوە ئارەزووم بوو ڕۆژێک بێت و بتوانم لاپەڕە جوانەکانى ڕۆژانى پێشووى وەک هونەرمەند و مامۆستایەکى فێرکار لەخزمەتى هونەری مۆسیقا و گۆرانى کوردى دابووە بخەمە ڕوو، تا نەوەى نوێ لایان ڕۆشن بێت ئەم کەسایەتیە ڕۆژگارێک بووە بەوپەڕى دڵسۆزیی و خەمخۆرییەوە خزمەتى بە قوتابیان کردووە لەڕێی کردنەوەى خولى مۆسیقا و هەروەها یەکێک بووە لەئەندامە دێرینەکانى تیپى مۆسیقاى سلێمانى، ئەو هونەرمەند و کەسایەتییە ڕۆشنبیر و موزیکژەن و ئاوازدانەر و دابەشکار و ئامادەکارى مۆسیقا هونەرمەند ( د.ئەلبێرت عیسا) یە .
لەڕۆژى پێنج شەممە ڕێکەوتى (9/4/2026) لەڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندیم پێوەکرد، کرۆکى پەیوەندییەکەم پێ ڕاگەیاند و بەخۆشحاڵییەوە ئامادەیی خۆی نیشاندا ، ڕۆژى هەینى (10/4/2026) لەسلێمانى یەوە بەڕێکەوتم بەرەو شارى هەولێر کاتژمێر (11:30) خولەکى پێش نیوەڕۆ لەکافتریاى ( O caffe) لەشارۆچکەى عەنکاوە بەدیدارى شادبووم و ماوەى دوو کاتژمێر و نیو دوواندم و وەڵامى پرسیارەکانى دامەوە ،
ئەم هونەرمەندە ژەنیارە لەموزیسیانێکەوە تا گەیشتن بەپلەى (باڵوێزى عێراق) کێوماڵێک بەنێو لاپەڕەکانى ژیانیدا بکەین.
هونەرمەند (د.ئەلبێرت عیسا) و سەرەتاکانى ژیانى ..!
هونەرمەند ئەلبێرت عیسا ، کوڕى یەکێک لەبنەماڵە ناودارە کریستیانەکانى شارى سلێمانییە ، ئەو بنەماڵەیە بە ( عیساییەکان) ناسراوون.
(ئەلبێرت عیسا نەزەر) لەڕێکەوتى (15/4/1951) لەگەڕەکى (گاوران) ى سەربەگەڕەکى (گۆیژە) لەباوکێکى (ئەرمەنى ) و دایکێکى (مەسیحى کلدانى) هاتۆتە دنیاوە ، هونەرمەند (3) براو (4) خوشکى هەیە لەخانەوادەکەى .
پرسیار : دکتۆر بۆ گەڕەکى (گاوران) یان بنووسم گەرەکى گۆیژە ؟
د.ئەلبێرت عیسا : ڕاستە ئەو گەڕەکە بەگشتى بەگەڕەکى گۆیژە ناسراوە بەڵام لەچەند کۆڵانێک پێکهاتووە ، هەریەکە ناوێکى هەیە ، من لەگەڕەکى گاوران لەلاى (کەنیسە ) کۆنەکەى شارى سلێمانى لەدایکبووم، هەرچەندە لەڕوانگەى برا ئیسلامەکانەوە گاور بەواتاى کافر ، بەڵام ئەو خوێندنەوەیە لەڕوانگەى خەڵکى سلێمانى یەوە هیچ کات باوەڕم وانییە بە شێوەیەکى نەشیاو ئەو وشەیە بەکاربێنن، بەڵکو جوانترین پەیوەندى و خۆشەویستى و پێکەوە ژیان لەنێوانماندا هەبووە و هەیە و بەردەوامیشە.
هونەرمەند ساڵى ( 1957_ 1958) خراوەتە بەرخوێندن لەقوتابخانەى (گۆیژە) ى سەرەتایی، قۆناغى ناوەندى لە ناوەندى (شۆڕش) تەواو کردووە و دواتر چۆتە (خانەى مامۆستایانى شارى سلێمانى ) لەساڵى (1968) خوێندنى تەواو کردووە و بۆتە مامۆستاى وانەى زمانى (ئینگلیزى) .
پرسیار : حەز و خولیا و ئارەزووت بۆ هونەر و ئامێرى مۆسیقا لەکوێوە سەرچاوەى گرتووە؟
د.ئەلبێرت عیسا : کاک فەریدى برا گەورەم ( فەرید عیسا نەزەر) سوپاس بۆ خوا لەژیاندایە و لە سوید دەژى ، لەمەن گەورەترە بە (9) ساڵ ، ئەویش لەشارى سلێمانى لەدایکبووە ،دەرچووى پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى بەغدابوو ، بەشى موزیک / ئامێرى ئۆکۆردیۆن .
ئەوکاتەى لەبەغدا دەیخوێند هەرکاتێک لەپشووەکاندا دەگەڕایەوە بۆ سلێمانى ئامێرى ئۆکۆردیۆنەکەى لەگەڵ خۆیدا دەهێنایەوە ، منیش لەو ئامێرەم دەڕوانى و هەستم دەکرد پەلکێشم دەکات و ئارەزووم بوو کەبتوانم فێرى ببم، بەدزى کاکمەوە دەستکارى ئامێرەکەم دەکرد و ئۆکۆردیۆنەکەم بەوشێوەیەى کاکم دەیکردە شانى ، دەمکردە شانم و پەنجەکانم لەسەرى دەجوڵاند، ڕۆژانە کاکم لەماڵ نەبووایە خۆمم پێوە سەرقاڵ دەکرد و هەستم دەکرد کەشتێک فێربووم، ئەوە بووە هۆى سەرەتایەک بۆئاشنا بوون و خۆشەویستیم بۆ مۆسیقا و ئامێرى ئۆکۆردیۆن.
پرسیار : لەڕێی ئامێرەکەى کاک فەریدى براتەوە دەست و پەنجەت ڕاهێنا، ئەى دواى ئەوەى ئەو دەگەڕایەوە بەغدا بۆ درێژەدان بەخوێندنەکەى ،حەزەکەت بۆمۆسیقا هەڵدەپەسارد تا بۆجارى داهاتوو دەگەڕایەوە؟
د.ئەلبێرت عیسا : کاتێک کاکم دەگەڕایەوە منیش لەخەمى ئەوەدا بووم چى بکەم ، بیرمە لەتەمەنى (15 بۆ 16) وابزانم سەرەتاى خوێندنم بوو لەخانەى مامۆستایان هەوڵم دا ئامێرێکى ئۆکۆردیۆنم کڕى ، بۆخۆم بوومە خاوەنى ئامێرى ئۆکۆردیۆن و زۆر دڵم پێ خۆش بوو.
پرسیار: بوون بەخاوەنى ئۆکۆردیۆن ، بەڵام چۆن زانیارى زیاترت بەدەست هێنا لەسەر فێربوون و شێوازى ژەنینى ئامێرەکەتان؟
د.ئەلبێرت عیسا : هەستم دەکرد عەشقێکم بۆ ئامێرەکەم هەیە ، بۆئەومەبەستە هەوڵم دا زانیاریم دەست بکەوێـت ، سەردانى کتێبخانەى گشتى سلێمانیم دەکرد دەگەڕام بەدواى ئەو کتێبانەى دەربارەى مۆسیقا نووسرابوون وەرمدەگرت و دەمهێنا لەماڵەوە دەمخوێندنەوە، زۆر مەیلم لەسەر خوێندنەوەى مۆسیقاى کلاسیک هەبوو، ئەوکاتەش سەرچاوەکان هەموویان بەزمانى عەرەبى بوون،هەرچەندە عەرەبییەکەشم زۆر باش نەبوو،بەڵام خۆشەویستیم بۆ هونەرى مۆسیقا زیاتر هانى دەدام زانیارى زیاتر بەدەست بهێنم.
دوبێت ئەوەش بڵێم کە کاک فەریدى برام کاتێک زانى حەزم لەمۆسیقایەوە و ئامێرى ئۆکۆردیۆنم کڕیوە و هى خۆمە ، خۆشحاڵ بوو وە زۆر یارمەتى دەدام کاتێک مامۆستا( ولیەم یوحەنا 1934_14/9/2005) زانى حەزوو ئارەزووم بۆ مۆسیقا هەیە، ئەویش لەزانیارییەکانى خۆى بێبەشى نەکردم و زۆر یارمەتى دام ،
کاتێک دەست پەنجەم لەسەر ئامێرى ئۆکۆردیۆن ڕاهات و مۆسیقام پێ دەژەنى ، حەزەکەم زیاتر هانى دام تا ئامێرێکى ( کەمان_ ڤیۆلۆن) یشم کڕى ، مامۆستا ولیەم هەرزۆر هاوکارم بوو لەوبارەیەوە زانیارى زیاترى پێبەخشیم و منیش لەعەزفى کەمانەکە زۆرباش بووم بەڵام زیاتر بە شێوەى سەماعى،دواى ئەوە بەئۆکۆردیۆن و کەمانچەوە نەوەستام دواتر ئامێرێکى (جومبووش) یشم کڕى خۆم پێوە سەرقاڵ کرد تا دەست و پەنجەکانم لەگەڵ ئەویش ڕاهێنا بەڵام بەهەوڵى خۆم، خۆم فێرکرد چونکە ئارەزووم بوو.
پرسیار : دەست و پەنجەکانت و حەزوو ئارەزووە مۆسیقیەکەت دابەش کرد بەسەر ئەو سێ ئامێرەدا ( ئۆکۆردیۆن ، کەمان و جومبووش) بوون بەژەنیار ، ئایا پەیوەندیت بەهیچ تیپێکى مۆسیقاوە نەکرد ؟
د.ئەلبێرت عیسا : بەڵێ سەرەتا چوومە کۆمەڵ و هونەر و وێژەى کوردى مەڵبەندى گشتى سلێمانى تازە ئەو کۆمەڵەیە دامەزرابوو، واتە لەکۆتایی (1969 و سەرەتاى 1970) بوو، منیش بووم بەئەندام ، دواى ماوەیەک هەڵبژاردن کرا ، لەئەنجامى هەڵبژاردنەکە من هەڵبژێرام بە (ئەندامى دەستەى کارگێڕى ) بەڵام وەکو تەمەن لەهەموویان منداڵ تربووم، ئەو هونەرمەندانەى ئەو کاتە لەگەڵیاندا بووم یادیان بەخێر ( نورى وەشتى1935_12/5/2001) ، (کاکە مەم بۆتانى 10/1/1937 کۆیە_25/10/2020 هەولێر) ، (حەمە سدیقى مەحامى27/9/1935سلێمانى _18/10/2019 ئەڵمانیا) ،( شێرکۆبێکەس2/5/1940 سلێمانى_ 4/8/2013سوید) ، ( ڕەووف یەحیا1926_27/4/1989 ) .
کۆمەڵ و هونەر و وێژەى کوردى مەڵبەندى گشتى سلێمانى ، لەناوەڕاستى ساڵى (1969) بەهەوڵ و تێکۆشان و خەمخۆریی هەندێک هونەرمەند کۆمەڵ و هونەر و وێژەى کوردى مەڵبەندى گشتى سلێمانى دادەمەزرێنن، لەڕێکەوتى ( 31/12/1969) لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى ئەوسەردەمەوە مۆڵەتى کارکردنیان پێدەدرێت، کۆمەڵى هونەر و وێژە پێکهاتووە لە چوار بەشى سەرەکى :
1/ بەشى مۆسیقا و گۆرانى و هەڵپەڕکێ.
2/ بەشى نواندن.
3/ بەشى وێژە.
4/ بەشى هونەرى شێوەکارى.
پرسیار: لەو کاتەى ئەندامى کۆمەڵ و هونەر و وێژەى کوردى مەڵبەندى گشتى سلێمانى بوویت بەشدارى هیچ کارو چالاکییەکى هونەریتان کردووە؟
د.ئەلبێرت عیسا : بێگومان چالاکى هونەریی هەبووە کە بەشداریم کردووە ، لەیادمە ئاهەنگێک لەئامادەیی سلێمانى کوڕان بەبۆنەى بەیانى (11ى ئازارى 1970) بوو لەگەڵ هونەرمەندان ( شەوکەت ڕەشید 1930_17/4/1991) ،( سەلاح ڕەشید1942 هەڵەبجە _ 13/3/2026 کەنەدا) ، ( نامدار قەرەداخى ) ،( عەلى حەمە ڕەزا) و ( حەمە سەعید عەبدوڵڵا 1950_8/12/2004) ، هونەرمەند سەلاح ڕەشید وەک ژەنیارى ئامێرى شمشاڵ و وەک گۆرانیبێژ بەشداربوو، دەتوانم بڵێم بۆیەکەمجارهونەرمەند ( حەمە جەزا3/2/1949_1/10/2010) هێنامانە سەرشانۆ و لەو ئاهەنگەدا گۆرانى خوێند.
پرسیار : لە کۆمەڵ و هونەر و وێژەى کوردى زۆر مانەوە ؟
د.ئەلبێرت عیسا : نەخێر زۆر نەمامەوە، بۆجارى دووەم هەڵبژاردن ئەنجام درایەوە، منیش وەک ئەندام بەشدارى هەڵبژاردنەکەم کردەوە، نازانم هۆکارەکەى چى بوو من هەڵنەبژێردرامەوە و دواتر کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردیم جێهێشت.
پرسیار: بەڕێزتان دواى کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى تان بەجێهێشت، وەک ژەنیارێک نەچوونە هیچ تیپێکى مۆسیقاوە ؟
د.ئەلبێرت عیسا : لەڕێی کاک فەریدى برامەوە بیستم کە تیپى مۆسیقاى سلێمانى بۆ ئەنجامدانى چالاکییەکى هونەریی سەرقاڵى پرۆڤەکردنن، کاک فەریدى برام پێی وتم : وەرە لەگەڵمدا سەرقاڵى پرۆڤەکردنین لەوێ بەئۆکۆردیۆنەکەى من عەزف بکە تا لاى برادەرانى تیپ ئاشنا بیت و بزانن چۆن عەزف دەکەیت ..!
ئەو هاندان و دەستگیرۆییە لەهەستێکى خەمخۆرانەى برایەکى دڵسۆزەوە بوو کە ئەوپێشنیازەى خستە بەردەستم تا من بەهاوڕێ کانى بناسێنێت، کاتێک ڕۆیشتم بینیم برادەرانى تیپى مۆسیقاى سلێمانى سەرقاڵى پرۆڤەکردن بوون، کاک فەریدى برام ئۆکۆردیۆنەکەى لەشانى خۆى کردەوە داى بەمن و وتى: فەرموو عەزف بکە ( هیچ کات ئەو هەڵوێستە جوانەى ئەوبرا تێکۆشەر و دڵسۆزو پاکەم لەیادناچێت کە دەستى منى زیاتر ڕاکێشا بەرەو دنیاى هونەر) .
منیش ئۆکۆردیۆنەکەم کردە شانم و دەستم کرد بەعەزف کردن، چەند پارچە موزیکێکم لەعەرەبى و کوردى ژەنى، برادەرانى تیپ کە گوێیان لە عەزفەکەم بوو سەریان سوڕما و لەدەست و پەنجەم بەتایبەت هەردوو مامۆستا کاک ولیەم و کاک ئەنوەرقەرەداخى، لەبیرمە کاک ولیەم و کاک ئەنوەر پێیان ووتم : بەیانى عەسر وەرەبۆبارەگاى تیپ لەبیناکەى تۆفیق قەزاز .
پرسیار : ئەوە ساڵى چەند بوو ؟
د.ئەلبێرت عیسا : ئەگەر بەباشى لەیادم بێت ئەوە ساڵى (1970 بۆ 1971) بوو، بۆبەیانى منیش چووم بۆ بارەگاى تیپى مۆسیقاى سلێمانى، بەسوپاسەوە لەوکاتەوە بووم بەئەندامى تیپى مۆسیقاى سلێمانى.
پرسیار: وەک ژەنیارى ئامێرى ئۆکۆردیۆن بوون بەئەندامى تیپى مۆسیقاى سلێمانى؟
د.ئەلبێرت عیسا : جیا لەوەى وەک ژەنیار بووم بەئەندام بەڵام هەندێکى کارى دیکەشم پێ سپێردرا، بۆنموونە :
دواى ماوەیەک لەئەندام بوونم لەتیپى مۆسیقاى سلێمانى هەڵبژاردن ئەنجامدرا، بەزۆرینەى دەنگ من بەئەندامى دەستەى کارگێڕى تیپ هەڵبژێردرام ،دواى ئەوە ئەرکى ژمێریارى تیپى مۆسیقاى سلێمانى یان خستە ئەستۆم ، بۆئەومەبەستە وەک بەڵگە لەلاى تیپ ماوە و نووسراوە لەدەفتەرى ژمێریارى تیپ بەناوى ( ئەلبێرت سەرافیان) ، دواى ئەوە بووم بەئەندامى لیژنەى هونەریی تیپ لەگەڵ هونەرمەندان ( کاک ولیەم یوحەنا ، کاک ئەنوەرقەرەداخى ، کاک خالید سەرکار و من) .
پاش ماوەیەک کاک (سەلاح ڕەووف) یش بوو بەئەندامى لیژنەى هونەرى تیپ.
ئاى چەند خۆشبوو لەوتەمەنەدا لەنێو ئەو هونەرمەندە گەورانە کەمێژوویەکیان هەبوو ببیت بەئەندامى لیژنەى هونەرى بۆ من جێی خۆشحاڵى بوو،
هەروەها لەوتەمەندا بوومە ئەندامێکى سەرەکى تیپى مۆسیقاى سلێمانى و خاوەنى سەرنج و پێشنیازیش بووم و گوێ لەڕاو سەرنجەکانیشم دەگیرا من هەمیشە سوپاسیان دەکەم.
پرسیار: بەڕێزتان لەژێرکاریگەرى دەست و پەنجەى کاک فەریدى براگەورەتان فێربوون، واتە بەشێوەى بیستن ( سەماعى) نەک بەتیۆرى، ئەى چۆن فێرى خوێندنەوەو نووسینى نۆتەى مۆسیقى بوویت ؟
د.ئەلبێرت عیسا : چونکە بۆخۆم زۆر حەزوو ئارەزووم لە فێربوون و ژەنینى ئامێرەکان بوو بەتایبەت ئۆکۆردیۆن و کەمانچەکەم ، کاک فەریدى برام زۆر سەرنجى دەدام و زیاتر بەهرەى تێدا بەدى دەکردم ، وەک پێشتر باسم کرد زۆر هاوکارم بوو، دەربارەى ئاشنابوونم بەنۆتە و خوێندنەوە و نووسینەوەى نۆتە، من لەلاى مامۆستا ولیەم و کاک فەریدى برام لەسەر ئامێرى کەمانچە فێربووم و شارەزاییم پەیداکرد، بەڕاستى هەردووکیان زۆر هاوکارم بوون لەوبوارەدا.
هەروەها زۆرگرنگیم دەدا بەدەستەواژە مۆسیقیەکان، بەڵام کاتێک چوومە (ئیتاڵیا) ئەوکاتە هەستم کرد لەڕووى فۆنەتیکەوە چۆن ئەو دەستەواژانەمان بەکارهێناوە و لەوێ بەدروستى پێیان ئاشنابووم.
پرسیار: دوو وێنە لەمێژووى هونەریی بەڕێزتان کەوتۆتە بەرچاوم ، پێدەچێت کردنەوەى خولى موزیک بێت؟
د.ئەلبێرت عیسا : ساڵى (1972) لەبەڕێوەبەرایەتى چالاکى قوتابخانەکان لەوەرزى هاوینى ئەوساڵەدا یەکەم خولى مۆسیقامان کردەوە ، لەگەڵ ئەم مامۆستا بەڕێزانە ( ولیەم یوحەنا ، خالید سەرکار و فرەنسیس داوود) هەریەکەو ئامێرێکى مۆسیقاى دەوتەوە بەفێرخوازەکان منیش ئامێرى ئۆکۆردیۆن.
دواتر لەساڵى (1973) خولى دووەمى مۆسیقامان لەقوتابخانەى گۆیژە کردەوە، کاک فەریدى برام و کاک سەلاح ڕەووف بەشداربوون لەگەڵمدا، لەوخولەدا چەندین قوتابیمان فێرى مۆسیقا کرد، لەو خولەشدا من ئامێرى ئۆکۆردیۆنم دەووتەوە، لە هاوینى (1977) یش خولى مۆسیقامان کردەوە بۆ قوتابیان.
( میدیا نورى) یەکێک لەفێرخوازەکانى هونەرمەند د.ئەلبێرت عیسابووە ، باسى ئەو ڕۆژگارەمان بۆدەکات :
( ساڵى (1973) کاتى پشووى هاوینە بوو، مامە سالارم منى برد بۆ قوتابخانەى (گۆیژە) بازاڕى (سیروان) ى ئێستا، لەوێ خولى هاوینەى فێربوونى مۆسیقا کرابۆوە، لەلاى مامۆستا و هونەرمەند( ئەلبێرت عیسا) ناوى منى نووسى و بووم بەیەکێک لەقوتابییەکانى خولى فێربوونى مۆسیقا، ماوەى (3) مانگ بەشداریم کرد، سەرپەشتیارى خولەکە مامۆستا و هونەرمەندى ڕەوانشاد مامۆستا( ولیەم یوحەنا)بوو.
مامۆستا ئەلبێرت هەرلەسەرەتاوە بەشێوەیەکى ئەکادیمى ئەلف و بێى مۆسیقاى فێردەکردین و پاشان ( سۆلفێج) ، بەداخەوە ئەو کاتە لەبەر کەم دەرامەتى خۆمان نەمان دەتوانى ئامێرى مۆسیقاى خۆمان هەبیت و بیکڕین ، ئەو ئامێرانەى لەسەرى دەمانخوێند و فێرى دەبووین هەمووى لە فێرگەکە بۆیان دابین دەکردین.
بۆ جارى دووەم لەکاتى پشووى هاوینى ساڵى (1977) بوو بەخۆم و ئامێرەکەم ( ئۆکۆردیۆن) کڕیبووم چوومەوە خزمەت مامۆستاى ئازیزم ( ئەلبێرت عیسا) بەڵام ئەمجارە جیاواز بوو لەجارى پێشوو ، جارى یەکەم فێربوون بوو بەڵام ئەمجارە بەئامێرى خۆم و بەدەست و پەنجەیەکى باشى ڕاهاتوو لەسەر ئامێرەکەم ، لەخولەکە بەشداربووم و مامۆستا ئەلبێرت زانیارى زیاترى پێبەخشیم ، تەنانەت وام لێهاتبوو زۆربەى سۆڵۆکان من لێم دەدا، بەهۆى ئەوەى فێربوونم لەسەر ئۆکۆردیۆن ببووە جێگاى ڕەزامەندى مامۆستا ئەلبێرت(1).
د.ئەلبێرت عیسا، دەربارەى کردنەوەى ئەو خولى مۆسیقیانە و تێڕوانین و خوێندنەوەى خەڵک بۆى گێڕامەوە:
یەکێک لەوهەستە جوانەى ئەوسەردەمە هەرگیز لەیادم ناچێت پێشکەوتنى کۆمەڵى کوردەوارى بوو بەتایبەت لەشارى سلێمانى ، هیچ کات ئەو قسەیەى هونەرمەند ( قادردیلان 1928 سلێمانى _18/3/1999 چیک) م بیرناچێتەوە کە دەیووت: کاتى خۆى لەپەنجاکان سەرقاڵى کارى هونەرى بووین یان کاتێک پرۆڤەمان دەکرد، لەناوبازاڕ یان لەهەرشوێنێکدا بووینایە بەخۆمان و ئامێرە مۆسیقیەکانمان خەڵک تانەوتەشەریان لێدەداین یان بەردیان تێدەگرتین..؟! بەڵام کاتێک ئەو خولە مۆسیقیەمان کردەوە بۆ کچان و کوڕانى شارى سلێمانى کەجێی شانازیمان بوو، بۆنموونە کچمان هەبوو بەشداربووى خولەکەبوو، دواى تەواوبوون بەرلەوەى بڕواتەوە بۆ ماڵەوە، بەخۆیی و ئامێرى کەمانەکەیەوە پیسایەکى ناوبازاڕو بازاڕى عەسرى دەکرد و خۆى نمایش دەکرد سەربەرزانە تا پیشانى بدات و بەهەمووان بڵێ من کچم و سەرقاڵى مۆسیقام خەڵکیش خۆشبەختانە ڕێزیان لێدەگرت، ئەو تێڕوانین و پشتگیریە لەو کچ و کوڕانە ئەوە بەشێکە لەکەلتوور و پێشکەوتنى کۆمەڵگا.
پرسیار: لەدواى بەیانى یانزەى ئازارەوە تا بەهارى 1974 ، تیپى مۆسیقاى سلێمانى چالاکى هونەریی زۆریی ئەنجامداوە، لەو چالاکییانە بەڕێزتان بەشداربوون؟
د.ئەلبێرت عیسا : بێگومان لەهەموو چالاکییە هونەرییەکانى تیپ بەشداربووم چونکە سەردەمێک بوو ئازادییەک هەبوو لەهەموو بۆنەکاندا ئامادەییمان هەبوو، یەکێک لەو چالاکییانەى هیچ کات لەیادى ناکەم ، بەشداریکردنمان بوو لە میهرەجانى یەکەمى مۆسیقاى کوردى ساڵى (1974) لەهۆڵى (خولد) لەشارى بەغدا،
_ لەکۆتایی مانگى شوباتى ساڵى (1974) میهرهجانێكی گهوره بۆ ماوهی (5) ڕۆژ، لهڕێكهوتی( 25/2 تا 2/3/1974 ) له هۆڵی (خولد) ى شاری بهغدا بەناونیشانى (میهرهجانی یهكهمی هونهری كوردی) ساز دهكرێت، زۆربهی زۆری تیپه مۆسیقیهكانی كوردستان تێیدا بهشدار دهبن، چالاكییه هونهرییهكان بریتی بووه له گۆرانی و مۆسیقا و شانۆ و وێژه و شیعر و ئۆپهرێت، تیپی مۆسیقای سلێمانی بە (دە) بەرهەم واتە (نۆ) گۆرانى و پارچەیەک مۆسیقابەشداربوون(2) ، لەناو تیپە مۆسیقیە بەشداربووەکان ،تیپى مۆسیقاى سلێمانى پلهی ( ئیمتیاز) بهدهست دێنن.
د.ئەلبێرت عیسا : دواى ئەو سەرکەوتنە مەزنە لەبەغدا بەداخەوە نەمانتوانى خەڵاتەکە وەربگرین ، دوای سهرنهكهوتنی گفتوگۆی نێوان سهركردایهتی شۆڕشی ئهیلوول و ڕژێمی ئهوكاتی عێراق( حیزبی بهعس) بارودۆخ بەرەو خراپى دەچوو، ئێمەش بەپەلە گەڕاینەوەسلێمانى، لەوێوە من و کاک فەریدى برام چووینە شاخ و بووین بەپێشمەرگە ، دواى ماوەیەک لەگەڵ برادەرانى تیپى مۆسیقاى سلێمانى و بەشێک لەهونەرمەندانى تیپەکانى ترى کوردستان تیپێکى مۆسیقامان دامەزراند و ناومان نا( تیپی مۆسیقاو شانۆی شۆڕش ) ( 1974 _19/3/1975).
، ئێمە وەک هونەرمەندانى مۆسیقا لەوتیپەدا کۆمەڵێک گۆرانى و سروودمان بۆ هونەرمەندان تۆمارکرد و لەڕادیۆى ئەوکاتى شۆڕش بڵاودەکرانەوە .
پرسیار: لەگەڵ ئاواز دانان و ئامادەکردن و دابەشکردنى موزیک پەیوەندیتان چۆنە ؟
د.ئەلبێرت عیسا : ئەو کاتەى کەلەشاخ بووین و لەناو تیپى مۆسیقاى شۆڕش وەک پێشمەرگەو هونەرمەند خەباتمان دەکرد، چەندین سروودمان تۆمارکرد لەبەرئەوەى ئەوەندە زۆرن نەبادا ناوەکانیان بەهەڵە بڵێم، ئەوەى لەبیرمە لەگوندى ( شێخ وەسانان) کاک فەریدى برام ئاوازێکى لەسەر هۆنراوەیەکى مامۆستا (هەژار13/4/1921_21/2/1991) بەناوى ( کوردستان نیشتمانى کورد) ..
( کوردستان ،، نیشتمانى کورد
بەرزوپیرۆزیی، سوێندت پێ ئەخۆم
بەسەربەخۆیی، بەخوێن و بەگیان
بەماڵ و منداڵ، بەقوربانى تۆم
کوردستان ، کوردستان) .
ئەو ئاوازەى لەسەر دانا و منیش پێشەکییەکى جوانم بۆدانا و موزیکەکەشم ئامادەکرد،
بۆخۆشم ئاوازێکم لەسەر هۆنراوەیەکى مامۆستا (گۆران1904_1962) دانا بەناوى سروودى ( کوردستان جێگامى جێی هەزار ساڵەم)
(کوردستان ،جێگامى جێی هەزار ساڵەم
پەروەردەى ئەم دۆڵ و سەرلووتکە و یاڵەم
هەناسەم تێر بۆنى باى کوێستانتە
دوو لێوەم پاراوى بەفراوانتە ) .
خۆشبەختانە ئەم سروودە جارێکى تر لەساڵى (2003 بۆ 2004) مامۆستا ( عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە ) زەحمەتى کێشا ئەو ئاوازەى بەشێوەیەکى جوانتر ئامادە کردەوە و وابزانم خاتوو( کیژان ئیبراهیم خەیات) لەگەڵ ئەو دابەشکردنە نوێیەى مامۆستا عەبدوڵڵا خوێندوویەتى.
دواى تۆمارکردنى ئەو کۆمەڵە سروود و گۆرانییانە لەتیپى مۆسیقاى شۆڕش ، لەناو ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئێمە چەندین چالاکى هونەریمان بۆ ئاوارەکان ئەنجامدا ، هەروەها لەڕادیۆ و تەلەفزیۆنى سنە بەهاوکارى (شکروڵڵاىبابان 1923_16/11/2012) چەند سروود و گۆرانییەکمان تۆمارکرد، بەداخەوە خۆمان نەمادییەو و هیوادارم ئەو بەرهەمانە لەئەرشیفى ئەو ڕادیۆو تەلەفزیۆنەى سنە مابێتن چونکە ئەوە مێژوویەکى گرنگى تیپى مۆسیقاى سلێمانى و هونەرى کوردییە.
دەربارەى ئامادەکردن ودابەشکردنى مۆسیقا، بۆنموونە : گۆرانى ( باڵابەرز) ى هونەرمەند( حەسەن گەرمیانى) من کارم بۆکردووە .
گۆرانى ( خانمى مەزەدار) ى هونەرمەند (حەسەن زیرەک 29/11/1921_26/6/1972) کە هونەرمەند (عەبدولقادر حەسەن) خوێندوویەتى من پێشەکى مۆسیقا گۆرانییەکەم داناوە، گۆرانى ( نەشمیلەى چاوجوان ) هونەرمەند ( عەبدولقادر حەسەن) لە میهرەجانى یەکەمى کوردى لەبەغدا لە(1974) خوێندوویەتى ئەوە ئاواز و دابەشکردنى مۆسیقاکەى من دامناوە،
هەروەها گۆرانى ( خەنەبەندان) لەهۆنراوەى ( بێسارانى) و لەئاواز و وتنى هونەرمەند( کەریم کابان24/2/1927_14/1/2016)بوو ، پێشەکى مۆسیقاى گۆرانییەکە من و هاوڕێم کاک (سەلاح ڕەووف) دامانناوە.
پاشان (7) پارچە موزیکم لەڕادیۆى کوردى بەغدا لەگەڵ ژەنیارە عەرەبەکان لەنێوان ساڵەکانى ( 1975 _1976 _ 1977 ) تۆمارکردوە ، بیرمە هونەرمەند ( ناسر حەسەن) بۆى تۆمارکردم لەسەر ( تێپ _ بەکرە) بەداخەوە لاى خۆم نەماوە هیوادارم لەئەرشیفى ڕادیۆ مابێت.
یەکێک لەومیلۆدییانە بەناوى ( گەردەلوولى پایز) بوو ، کاک (سەلاح ڕەووف) زەحمەتى کێشا هەموو نۆتەکەى زۆر بەجوانى نووسییەوە .
هەرلەوماوەیەدا ئاوازێکم بۆ هونەرمەند ( خەلیل وەندى 1947 خانەقین_26/11/2025 هەولێر) بەڕەحمەت بێت، دانا بۆ ڕادیۆى کوردى بیخوێنێ گۆرانییەکە بەناوى ( دەردى من ئەو دەردەیە دەرمانى نییە) .
لەساڵى (1977) ئاوازێکى دیکەم برد بۆ بەغدا بۆ ڕادیۆى کوردى، ئەو کاتە سەرۆکى لیژنەى هونەریی ( داود القیسى) بوو ، نۆتەى میلۆدییەکەم برد و لەگەڵ ئۆکۆردیۆنەکە ، کاتێک ئاوازەکەم ژەنى، داودالقیسى وتى : ( مامۆستا ئەو ئاوازەت عێراقى نییە ، پێویستە عێراقى بێت؟! ) منیش لەوەڵامدا وتم : بەڵام کوردیە )
دواتر بوو بەدەمە قاڵێمان و ئۆکۆردیۆنەکەم هەڵگرت و ئەوە دواین جاربوو بچمەوە ڕادیۆى کوردى بەغدا ،
ئەو ئاوازەشى بۆ هونەرمەند خەلیل وەندیم دانابوو ، پەیوەندى پێوەکردم و وتى: دەچم ئاوازەکە لەڕادیۆ تۆماردەکەم ، وەرە بەئۆکۆردیۆنەکەت عەزف بکە لەگەڵمدا، منیش لەبەرئەوەى لەگەڵ داود القیسى کردبووم بەشەڕ ، پێم ووت نایەم ئیتر کاک خەلیل خۆى چووبوو لەگەڵ ژەنیارەکانى ڕادیۆى کوردى بەغدا تۆمارى کردبوو.
پرسیار : دواى نسکۆى ساڵى (1975) گەڕانەوە بۆ سلێمانى؟
د.ئەلبێرت عیسا : بەڵێ گەڕاینەوە شارى سلێمانى و لەتیپى مۆسیقاى سلێمانى لەکار و چالاکییە هونەرییەکان بەردەوام بووینەوە، دەمەوێـت ئەوەش بڵێم ، لەگەڵ ئارەزووە هونەرییەکەم خووم دایە نووسین، دەربارەى هونەرى مۆسیقا و گۆرانى کوردى بەڵام بەزمانى عەرەبى دەمنووسین و بڵاوم دەکردەوە ، بۆنموونە : نووسینێکم بەناوى ( ماهى موسیقا الکوردیة) لە گۆڤارى ( الفکر الجدید) بڵاوکرایەوە، بابەتێکى دیکە ئەوەى لەیادم بێت ( الفلکلور الکردى) لەڕۆژنامەى عێراق دا بڵاوکرایەوە ،دواتر چەندین مەقالەم بەزمانى عەرەبى نووسی و بڵاوم کردەوە لەئێستادا بەداخەوە نایەتەوە یادم، هەروەها ببووم بەزمانحاڵى تیپى مۆسیقاى سلێمانى بۆ وتارنووسین و وەڵامدانەوە لەڕۆژنامە و گۆڤارەکان .
پرسیار: کەى تیپى مۆسیقاى سلێمانى و شارى سلێمانى تان بەجێهێشت ؟ یەکەم وێستگە لەئەوروپا کوێ بوو کە نیشتەجێ بوون و دواتر بەچییەوە سەرقاڵ بوون؟
د.ئەلبێرت عیسا : هاوینى ساڵى (1979) بەیەکجارى تیپى مۆسیقاى سلێمانى و شارى سلێمانى و کوردستانم جێهێشت و ڕووم کردە ئەوروپا.
یەکەم وێستگە لەئەوروپا وڵاتى ( ئیتالیا) بوو تێیدا نیشتەجێ بووم، لەوێ درێژەم بەخوێندن دا لە ( زانستە سیاسیەکان) بۆماوەیەکى کەمیش مۆسیقام خوێند بەڵام بەهۆى کارکردن و خوێندن لەزانستە سیاسییەکان نەمتوانى درێژە بەخوێندنى موزیک بدەم هەمیشە شانازى بەو کاتانەوە دەکەم چونکە زۆر جۆر ئیشم کرد تەنها لەپێناو مانەوەم و درێژەدان بە خوێندنەکەم.
پرسیار : ئایا لە ئیتاڵیا جیا لەخوێندن کارى هونەری تان ئەنجام نەدا؟
د.ئەلبێرت عیسا : بێگوومان چونکە هونەر لەڕۆح دا یە ناتوانى فەرامۆشیی بکەیت،لەساڵى (1981 بۆ 1982 ) یەکێک بووم لەدەستەى دامەزرێنەرانى تیپى مۆسیقاى کوردستان لەئیتاڵیا، لەگەڵ بەڕێزان (د.بەرزان یاسین ( ڤیۆلۆن) ، عوسمان سەرکار( کلارنێت) ، حەمید بەداخەوە ناوى باوکیم لەیاد نییە ژەنیارى (گیتار) ، تەها جۆڵا و خۆشم (ئۆکۆردیۆن) ،ئەوەى لەیادم بێت گۆرانیبێژ ( سەعیدى قەندى ) بوو، چەندین ئاهەنگمان کرد من ماوەیەکى کەم لەگەڵیان مامەوە لەبەرئەوەى چووم بۆ ( فەرەنسا) بەڵام برادەران درێژەیان پێدا.
دەربارەى تیپى مۆسیقاى کوردستان لەئیتاڵیا پێوەندیم کرد بە هونەرمەند(عوسمان سەرکار) پێی ڕاگەیاندم :
( سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم د.ئەلبێرت یەکێک بوو لەئەندامانى تیپەکە، ژەنیارێکى بەتواناو پڕهەست و ڕۆڵى بەرزدەنرخێنم لەوساڵانەدا، بەڵام ئەو زۆرتر گرنگى بەسیاسەت دا و بەردەوام بوو، ئەم بەڕێزانە لەتیپى مۆسیقاى کوردستاندا بوون :
(نزار دیلان ، براگەورەى بژاردیلان ئامێرى گیتار و سازى دەژەنى ، تەها جۆڵا ئامێرى ئۆکۆردیۆن ، حەمید سەقزى ئامێرى زەڕ ، هەروەها د.بەرزان یاسین و د.ئەلبێرت و من، گۆرانیبێژەکانیش کە بەشداربوون لەگەڵماندا : سەعیدى قەندى ، جەلیلى دەلانى ، دانا قادر ، نزار دیلان ، دواتر گوڵستان ، شڤان پەروەر و ناسرى ڕەزازى ) (3).
سەبارەت بە کەسایەتى و مێژووى هونەرى د.ئەلبێرت عیسا، هونەرمەندى ژەنیار (د.بەرزان یاسین) پێی ڕاگەیاندم و بەوشێوەیە خوێندنەوە بۆ هاوڕێ هونەرمەندەکەى دەکات :
(موزیکژەنە مەسیحییەکانی باشوری کوردستان بە گشتی و مەسیحییەکانی سلێمانی بەتایبەت، لەناو سێ چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمدا. لە بواری فێرکاری و تەکنیک و پێشکەشکردنی ئامێرە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییەکان لەناو کۆمەڵگادا، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ناساندن و داڕشتن و دروستکردنی موزیکی شاردا هەبووە، ئینجا لەناو یادەوەری مندا، د. ئەلبێرت عیسا هەر لە دەستپێکی ساڵی حەفتاکانەوە یەکێک لەو لاوە چالاکانە بوو بە ئامێری ئۆکۆردیۆن بە ئاستێکی باش ئەو ئامێرەی بە ڕێگای تیپی مۆسیقای سلێمانی بە گوێگر ناساندووە.
هەر ئەویش بۆ یەکەم جار لەگەڵ ئەو تیپە ئامێری ئۆرگی بەکارهێناوە، هەروەها یەکێک لەو موزیکژەنانە بوو کە لە بواری تیۆری موزیک و خوێندنەوەی نۆتەشدا شارەزایەکی باشی هەبوو، یەکێک لەو گۆرانییانەی کە لە دڵی جەماوەردا جێگای گرت، گۆرانی (خەنەبەندان)ی هونەرمەند کەریم کابان بوو کە موزیکەکەی لەلایەن د. ئەلبێرتەوە بۆی دانرابوو. نزیکایەتی و هاوڕێیەتی ئێمە لە ساڵی ١٩٨٠وە لە ئیتالیا دەستیپێکرد. هەر لەو ساڵەوە هەتا ساڵی ١٩٨٣ لە هەموو یادە نەتەوایەتی و ئاهەنگەکانی دیکەدا، لەژێر ناوی گروپی موزیکی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵێک موزیکژەنی دیکەی کورد هەموو پێکەوە چالاکییەکانمان ئەنجامان ئەدا، لە ڕۆژگارێکدا کە موزیکژەنی کورد لە ئەوروپا بە ڕێژە زۆر کەم بوون، د. ئەلبێت ئیتر لەو ساڵەوە بەهۆی سەرقاڵی بە خوێندن و پاشان چوونی بۆ فەرەنسا بۆ مانەوە لە تیپەکە دوورکەوتەوە، بەڵام ئەندامانی دیکە هەتا کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان بەردەوام بووین هەتا ژیان هەر یەکەمانی بە لایەکدا پەرتەوازەکرد، لە بواری سیاسی و چالاکی ڕێکخراوەیشدا بۆ پشتگیری بۆ دۆزی کورد، د. ئەلبێرت هەمیشە پێشڕەو و ئامادەبوو. لەناو ئەو ساڵانەی کە لە ئیتالیا ماینەوە، هاوخەبات و هاوهەڵوێستی یەک ڕێگا بووین و لەناو یەک بەرەدا کارمان ئەکرد)(4).
پرسیار : دواى ئەوەى تیپى مۆسیقاى کوردستان و ئیتالیا تان بەجێهێشت ڕووتان کردە( فەرەنسا) ئایا درێژەتان بەخوێندن و کارى هونەرى دا؟
د.ئەلبێرت عیسا: لەئیتالیا ( زانستە سیاسییەکان) م تەواو کرد، دواى ڕۆیشتنم بۆ فەڕەنسا لەوێ ماستەرم لە ( زانستە کۆمەڵایەتییەکان_ عیلم الاجتماع) بەدەستهێنا و پاشان بڕوانامەى (دکتۆرا) م هەرلەفەرەنسا لە ( زانستە سیاسییەکان) دا وەرگرت .
هەرچەندە زیاتر سەرقاڵى خوێندن بووم بەڵام هونەرەکەشم فەرامۆش نەکرد، سەرەتا ئامێرێکى (جومبوش) م کڕى ، دواى ماوەیەک ئامێرێکى (عود) یشم کڕى، کاتێک ماوەم هەبووایە خۆم پێوە سەرقاڵ دەکردن و لەماڵەوە دەستم دەکرد عەزف کردن.
پرسیار : دواى ئەو ماوەیە لەهەندەران ژیایت و دوور لە زێد و ئازیزانت کەى بۆیەکەم جار گەڕایتەوە کوردستان ، گەڕانەوەکەتان تەنها سەردان بوو یان بڕیارتاندا بمێننەوە؟
د.ئەلبێرت عیسا: بۆیەکەم جار لەنێوانى ساڵى (1998 بۆ 1999) گەڕامەوە کوردستان و شارى سلێمانى واتە دواى (19 بۆ 20) ساڵ گەڕامەوە زێدەکەم، هاتنەوەکەم وا بڕیارمدا بوو کەبمێنمەوە، دواى ئەوەى هاتمەوە بووم بەمامۆستاى ( زانستە سیاسیەکان) لەزانکۆى سلێمانى، دواتر بووم بە ( ڕاگر _ عەمید) ى کۆلیژى زانستە سیاسییەکان.
بەرلەوەى ببم بە ( باڵوێزى عێراق لەدانیمارک) بۆ ماوەى ساڵێک بووم بە ڕاگرى کۆلیژى هونەر لەزانکۆى سلێمانى ، لەو ماوەکەمەدا زۆر هەوڵم دا بۆ کردنەوەى بەشى موزیک لەکۆلێژى هونەر، دەتوانم بڵێم بیرۆکەکە هى من و زۆر شەڕم لەپێناو کردنەوەى ئەو بەشەداکرد چونکە بەڕاستى پێویست بوو ، هەریەک لە بەڕێزان ( د.عادل محەمەد کەریم و د.ئارام عومەر) ئاگادارن کە بیرۆکەى کردنەوەى بەشى موزیک لەکۆلێژى هونەر دەگەڕێتەوە بۆ من .
پرسیار : ماوەى چەند ساڵ لەوبوارەدا مایتەوە و خزمەتان کرد؟
د.ئەلبێرت عیسا: دەتوانم بڵێم ماوەى (9 بۆ 10) ساڵ لەمامۆستایەتى و ڕاگرى کۆلێژ مامەوە و خزمەتم کرد تا ساڵى (2008) ، ئەوبوارەم بەجێهێشت و بووم بە (باڵوێزى عێراق) لەوڵاتى ( دانیمارک) تا ساڵى (2015) لەوپۆستەدا بووم تا خانەنشین کرام ئەویش بەهۆى تەمەن و ڕاژەى شارستانى و گەیشتنى تەمەنم بەقۆناغى خانەشین بوون.
پرسیار : لەوماوەیەى کە ئەرکى مامۆستایەتى و باڵوێزى عێراق تان پێسپێردراوە ، لەهونەرى ئاواز و موزیک و ژەنینى ئامێرى موزیک دانەبڕایت ؟
د.ئەلبێرت عیسا: کەوتەوە یادم لەساڵى (1999) لەهۆڵى ڕۆشنبیرى شارى سلێمانى، ئەو کاتە بەڕێز ( فەتاح زاخۆیی) وەزیرى ڕۆشنبیرى بوو کۆنسێرتێکم سازکرد،دواى ئەوە لەماوەى کارى سەفیریم لە دانیمارک ، دوو کۆنسێرتى موزیکم لە( کۆبنهاگن) بۆ سەفیر و وەزیرەکان ئەنجام دا، ئەویش بەژەنینى ئامێرى( عود) تاکە کەسیی بۆماوەى (50) خولەک.
کاتێک مامۆستا بووم لەزانکۆى سلێمانى بانگهێشت کرام بۆ وڵاتى ( پۆڵۆنیا) بۆ وتنەوەى وانەى( علوم سیاسە) لەهەمانکاتدا هەموو قوتابییەکانم کۆکردەوە بەئامێرى (عود) عەزفمم بۆ کردن لەزانکۆى ( ئادەم میسکێڤیچ) لەشارى ( پۆزنان) لەپۆڵۆنیا، وەلەشارێکى دیکەى پۆڵۆنیا بەشێوەى تاکە کەسیی بە عود عەزفمم بۆ کردن،هەروەها لەزانکۆى ( بێرگن) لە (نەرویج) پاش هەفتەیەک وانە وتنەوە بەزمانى ئینگلیزى و فەرەنسى، بەمەبەستى ئارامکردنەوەى ڕۆح و چێژ وەرگرتن لەوانەکان دیسان کۆنسێرتێکى موزیکم بەئامێرى عود بۆ ئەنجام دان، هەروەها چەند کۆنسێرتێکى دیکەم ئەنجام داوە لە ( پاریس ، لەستراسبۆرگ و مۆلۆز) ئەو کۆنسێرتەى پاریس بەهاوکارى هونەرمەندى هاوڕێم ( د.بەرزان یاسین ) بوو.
هەروەها پاش خانەشین بوونم لەپۆستى سەفیرى هاتمەوە چەند کۆنسێرتێکم لەشارى هەولێر کردووە بۆنموونە چوار کۆنسێرت لە ( عەنکاوە) ، دوانیان لەزانکۆى ( لوبنانى فەرەنسى) ئەوانەش هەربەشێوەى تاک و بەئامێرى (عود).
پرسیار: هەرچەندە من مۆسیقیی نیم، بەڵام ئەوەندەى بزانم ئامێرى ( ئۆکۆردیۆن) ئامێرێکى ڕۆژئاواییە ، بەڕێزتان چۆن مامەڵەتان لەگەل ئەو ئامێرەدا کردووە کە چارەکە تۆنى تیا نەبووە؟
د.ئەلبێرت عیسا: بەکورداندنى ئامێرى ئۆکۆردیۆن ڕەنگدانەوەى هەستە پێش ئەوەى تەکنیکى بێت، هەستێکى موزیکى کوردى پاڵت پێوە دەنێ کەپەنجەکانت بەشێوەیەکى جیاواز لەسەر ئامێرەکە بجوڵێنیتەوە، ئەو جوڵاندنەوەیە جیاوازە ڕێگەکە خێراتر دەکات بۆ ژەنینى کوردى،
بۆجوڵاندنەوەى پەنجەکان لەبەرئەوەى ئەو پەنجانەى کە ئەیجوڵێنیتەوە ،شێوەى جوڵاندنەوەیان جیاوازە بەپێى ئەوەى کە پێی دەڵێن ( شێواز _ تابعى) کوردى .
بۆنموونە: ئەگەر تۆ ( دۆ) یەک لێبدەیت، ئەگەر( تڕێڵ) بکەیت لەجیاتى ئەوەى تڕێڵەکە لەگەڵ ( ڕێ) دا بکەیت لەگەڵ(دۆدێز) دا ئەیکەیت، ئەمە ئەگەر هەمووى کۆبکەیتەوە لەناو ژەنینێکى گشتیدا وادەکات کە گوێ هەست بکات ئەمە موزیکێکى کوردیە، ئەمە نموونەیەکە لەچەندەها نموونەى دیکە .
بێجگە لەوە دەبێت ئامێرەکە بناسیت، چۆنى دەناسیت ..؟! دەبێت پێکهاتەکەى بزانى و بیناسیت ، هەروەها دەبێت بزانم ئەو دەنگە لەکوێ وە دێت و وەچۆن دێت ؟!
بێگومان دەبێت ئامێرى ئۆکۆردیۆنەکە بکەمەوە و لێێ بڕوانم ، دەبینم چەند کونێکى زۆر هەیە ، ئەم کونانە داپۆشراوون بەپارچەیەکى لاکێشەیی، بەسەر ئەو پارچە لاکێشەییانەدا پارچەى ئەلەمنیۆم هەیە ، لەکاتێکدا دەست ئەنێیت بە دووگمەیەکدا هەوا دێت،ئەم پارچە ئەلەمنیۆمانە بەرزدەکەنەوە ، ئەگەر دەنگەکە گڕبێت، دەبێت ئەو پارچە ئەلەمنێۆمانە گەورەو قورس بێت وەهەتا دوایی.
لەبەرئەوەى ئەگەر( سى بى مۆڵ) یان( سى) یەک بکەیت بە( چارەک _ روبع) ئامێرى ئۆکۆردیۆن ئامێرێکى ( ڕۆژئاوایی_ غەربییە) چارەکە تۆنى تیادانییە،
لەماڵەوە کاتێک ئەم ئامێرەم دەکردەوە و پارچە پارچەم دەکرد، مۆمێکم دەهێنا تۆزێک مۆمەکەم گەرم دەکرد،بۆئەوەى تۆزێک قورسى بکەم ، سى بى مۆڵەکە ببێت بە ( سى کار) تۆزێک مۆمى تواوەم دەخستە سەرى ، پاشان ئامێرى ئۆکۆردیۆنەکەم دەبەستەوە و عەزفم پێ دەکرد و گوێم لێ دەگرت ئەگەر تەواو نەبوایە جارێکى دیکە ئامێرەکەم دەکردەوە ، یان مۆمە تواوەکەم دەکڕاند واتە کەمم دەکردەوە یان کەمێک زیاترمۆمى تواوەم دەخستەوە سەرى ، پاشان ئامێرەکەم دەبەستەوە و عەزفم پێدەکردەوە ، تائەو ئاستەى گوێکانم هەست بەوە دەکات کە چارەکە تۆنى تێدایە ، واتە چەندین جار ئەو ئامێرەم هەڵدەوەشاند و کارم تێدا دەکرد و دەمبەستەوە تا دەگەیشتمە ئەو ڕایەى بەخواستى من ژەنینەکەى تەواوە.
پرسیار : جیا لەزمانى کوردى ، د.ئەلبێرت چەند زمانى دیکە دەتوانێ پێی بدوێ؟ ئایا لەئێستادا دواى خانەنشین بوونتان زیاتر بەچییەوە سەرقاڵن ؟
د.ئەلبێرت عیسا: دەربارەى پرسیارى یەکەم ،
من چەند زمانێک دەتوانم قسەى پێ بکەم و بنووسم و بخوێنمەوە وەک ( کوردى ، سریانى ، ئینگلیزى ، عەرەبى، فەرەنسى، ئیتاڵى و تورکى و کەمێکیش ئیسپانى ) .
وەڵامى پرسیارى دووەمیشتان : ئێستا خانەنشینم و لەشارۆچکەى (عەنکاوە) دەژیم، لەماڵەوە زیاتر سەرقاڵى نووسین و خوێندنەوەم و جار جارەیەکیش عەزفکردن بە عود کات بەڕێ دەکەم ، بۆزانیارى چەندکتێبێکم بەچاپ گەیاندووە ،بەڵام کتێبێک تایبەتە بەمۆسیقا لێرەوە سوپاسى دەزگاى سەردەم بەتایبەت کاک (ئازاد بەرزنجى) دەکەم بۆلەچاپدانى ئەو کتێبە ، کتێبەکەم تایبەتە بەهونەرى موزیک و نۆتەى زۆرى تێدایە بەناوى ( موزیک ، پەیامى خۆشەویستى ، موزیکى کوردى بەئامێرى عود) ، لەگەڵ ئەوەشدا دەخوازم و ئاواتمە جارێکى تر ئەوپارچە موزکییانەى هەمە هەموویان تۆماربکەمەوە و بەشێوەیەکى جوان و سەردەمییانە بڵاویان بکەمەوە.
دەخوازم هونەرمەند و مامۆستاى زانکۆ و باڵوێز (د.ئەلبێرت عیسا) تەمەندار و پڕ تەندروست بێت و بەردەوامى لەڕێگا پیرۆزەکەى هونەر بۆدەخوازم .
جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک) (20/4/2026) سلێمانى .
سەرچاوە:
(1)چاوپێکەوتنم لەگەڵ ژەنیار( میدیا نورى) لە ڕێکەوتى ( 24/9/2025) لە ( سەنتەرى ڕۆشنبیرى سەرا) .
(2) تۆمارێك دهربارهی تیپی مۆسیقای سلێمانی، ڕیپۆرتاژ ( ئهحلام مهنسوور ) گۆڤاری بهیان ژماره(52) تشرینی دووهمی ساڵی (1978) لاپهڕه( 110 ) .
(3) پەیوەندى تەلەفۆنى لەگەل هونەرمەند (عوسمان سەرکار ) ، ڕۆژى دووشەممە (13/4/2026) ( فەرەنسا _ سلێمانى).
(4) پەیوەندى تەلەفۆنى لەگەل هونەرمەند (د.بەرزان یاسین ) ، ڕۆژى یەک شەممە (12/4/2026) ( فەرەنسا _ سلێمانى).
(*) سوپاس و پێزانینى زۆرم بۆ (د.ئەلبێرت عیسا) دەرفەتى پێ بەخشیم کەلەنزیکەوە ئەو دیدارەى لەگەڵدا سازبکەم لەشارۆچکەى عەنکاوە، هەروەها هەردوو هونەرمەند( عوسمان سەرکار و د.بەرزان یاسین ) هاوکارم بوون ( ج،د).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.