Erbil 31°C چوارشەممە 15 تەمووز 09:26

ڕاگەیاندراوێک لە گوتەبێژى پارتییەوە سەبارەت بە دۆخی كەركووك

کوردستان TV
100%

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەنراوێك لەبارەی دۆخی ئێستای كەركووك بڵاو دەكاتەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت "هەڵوێستی پارتی روون و ئاشكرایە كە دژی سەفەقاتی هۆتێل رەشید بووین و ئەو بارودۆخەی ئێستاش لە كەركووك دروستبووە درێژەپێدەری ئەو سەفەقاتانەیە".

مەحموود محەمەد گوتەبێژى پارتی لە راگەیەنراوەكەدا هەروەها دەڵێت "ئێمە قوربانى زۆرمان لەپێناو کەرکووک داوە، بۆیە لەگەڵ ئەو بڕیار و ڕاسپاردانە دەبین کە بە هاوبەشى هەموو لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانى پێکهاتەکانەوە بدرێن".

دەقی راگەیەنراوەكەی گوتەبێژى پارتی دیموکراتی کوردستان:-

هاووڵاتییانى خۆشەویست

سەبارەت بەو بارودۆخەى بۆ کەرکووک هاتۆتەپێش، ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان وەکو هەمیشە پاڵپشتى لە مافى پێکهاتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکەین و بەو پەڕى ڕاشکاوییەوە ڕایدەگەیەنین کە سەقامگیرى و پێشکەوتنى وڵاتەکەمان بەندە بە دابینکردنى مافە ڕەواکانى تەواوى پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینى و ئاینزاکان و، بڕواشمان وایە کەرکووک مەڵبەندى پێکەوەژیانى تەواوى پێکهاتەکانیەتى.

هەڵوێستى پارتیمان ڕوون و ئاشکرایە و دژى ئەو سەفەقاتانە بووین کەبەدەر لە نیازپاکى لە هۆتێل ڕەشید بەبێ بەشدارى لایەنە سیاسییەکانى کە نوێنەرایەتى خەڵکى خۆڕاگرى کەرکووکیان دەکرد، بەسەر ئەو شارە خۆشەویستەدا سەپێندران. ئەم بارودۆخەى ئێستاش لێکەوتە و درێژەپێدەرى ئەو سەفەقاتانەیە!

ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان قوربانى زۆرمان لەپێناو کەرکووک وەکو نیشتمان و خەڵکە ئازیزەکەى داوە و، هەموو هەڵوێست و هەوڵەکانمان بۆ سەربەرزى و بەختەوەرییان بووە، بۆیە لەگەڵ ئەو بڕیار و ڕاسپاردانە دا دەبین کە بە هاوبەشى هەموو لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانى پێکهاتەکانەوە بدرێن.

مەحموود محەمەد

گوتەبێژى پارتی دیموکراتی کوردستان

16ـی نیسانى 2026

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.