Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 13:41

هەزاران کوردی بێبەش لە سووریا ناسنامە وەردەگرنەوە

کوردستان TV
100%

دوای زیاتر لە شەش دەیە لە ژیان لەژێر سێبەری "بێ ناسنامەیی"، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی کوردانی سووریا هەڵدەدرێتەوە. هەزاران هاووڵاتیی کورد کە پێشتر بە" (بێ تۆمار) دەناسران، ئێستا لە ریزی دوورودرێژدا وەستاون بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە تەمەنیاندا، ببنە خاوەنی ڕەگەزنامەی فەرمی.

فیراس ئەحمەدی تەمەن 49 ساڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، ئەم هەنگاوە تەنها وەرگرتنی پارچە کاغەزێک نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ناو ژیان. فیراس کە باپیر و باوکیشی بەبێ ناسنامە کۆچی دواییان کردووە، دەڵێت: "مرۆڤی بێ ڕەگەزنامە وەک مردوو وایە؛ نە دەتوانی خانوو بە ناوی خۆت بکەیت، نە منداڵەکانت تۆمار بکەیت."

ئێستا لە یاریگایەکی شاری قامیشلۆ و چەندین بنکەی دیکە لە حەسەکە، دێرک و تەنانەت دیمەشق و حەلەب، فەرمانبەرانی حکوومەت سەرقاڵی تۆمارکردنی ناوی ئەو کوردانەن کە ساڵانێکی درێژ لە مافە سەرەتاییەکانی وەک (خوێندن، گەشتکردن و خاوەندارێتی) بێبەش کرابوون.


ئەم پرۆسەیە لە جێبەجێکردنی مەرسوومێکی "ئەحمەد شەرع"، سەرۆکی سووریاوە سەرچاوەی گرتووە کە لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو دەرچوو. مەرسوومەکە تەنها ڕەگەزنامە نابەخشێت، بەڵکو گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ناسنامەی نیشتمانیی سووریادا کردووە:

پێدانی ڕەگەزنامە: بە هەموو ئەو کوردانەی لە سووریا دەژین و پێشتر بێبەش بوون.

مافی زمانەوانی: ناساندنی زمانی کوردی وەک "زمانێکی نیشتمانی" لە سووریا.

مافی کولتووری: چەسپاندنی مافە کولتوورییەکانی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتدا.

غالیە کەلەش، دایکێکی کوردە و بە زمانی دایکی باس لە ئازارەکانی ڕابردوو دەکات. ئەو دەڵێت پێنج منداڵەکەی بەهۆی نەبوونی ناسنامەوە نەیانتوانیوە خوێندن تەواو بکەن، بەڵام ئێستا گەشبینە کە نەوەکانی دیکەی وەک ئەوان نابنە "کۆچەری لە نیشتمانی خۆیاندا".

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.