ئەمڕۆ، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند کە جەنەڕاڵ ڕاندی جۆرج، سوپاسالاری سوپای ئەمریکا، لەسەر داوای پیت هیگسێت، وەزیری جەنگ لە پۆستەکەی دەستی کێشایەوە و بڕیارەکەش دەستبەجێ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
شون بارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆرمی (X) دووپاتی کردەوە کە جۆرج وازی لە پۆستەکەی هێناوە، هاوکات میدیاکانی ئەمریکاش ئاشکرایان کردووە کە جەنەڕاڵ کریستۆفەر لانیف، جێگری سوپاسالار، بە وەکالەت ئەرکەکانی ئەو پۆستە وەردەگرێت. بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان، پیت هیگسێت دەیەوێت کەسانێک لە لوتکەی هەرەمی سەربازیدا بن کە تەواو هاوڕا و پابەندبن بە دیدگای ئەو و دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوپا.
ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوەڕاستی شەڕێکی سەربازیی فراواندان لە دژی ئێران، کە بە گوتەی ترامپ ڕەنگە چەند هەفتەیەکی دیکە بخایەنێت. جەنەڕاڵ ڕاندی جۆرج، کە خاوەنی ئەزموونی 40 ساڵ خزمەتی سەربازییە و لە عێراق و ئەفغانستانیش جەنگاوە، دوایین بەرپرسی باڵای سەربازییە کە لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە. پێشتریش لە شوباتی 2025، دۆناڵد ترامپ بێ هیچ پاساوێک جەنەڕاڵ چارڵز براون، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکای لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
هاوکات لەگەڵ سوپاسالار، هەریەکە لە جەنەڕاڵ دەیڤید هۆدن و مەیجەر جەنەڕاڵ ویلیام گرین جونیۆر لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە. ئەم زنجیرە دوورخستنەوانەی فەرماندە سەربازییەکان، نیگەرانییەکی زۆری لای دیموکراتەکان دروستکردووە و هۆشداری دەدەن لەوەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەوڵی "بەسیاسییکردن"ـی دامەزراوە سەربازییەکان دەدات کە هەمیشە بە بێلایەنی ناسراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.