سەرۆك كۆماری ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە پەیامێكی ئاراستەی گەلی ئەمریكا كرد، تێیدا رایگەیاند كە وڵاتەكەی دوژمنایەتی ئێوە و هیچ گەلێكی دیكەی نەكردووە، ئەوەی ئێستا دەیكات تەنیا بەرگریكردنێكی رەوایە لە خۆی.
مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران پەیامەكەی بە پۆستێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) بڵاو كردۆتەوە و نووسیویەتی "گەلی ئێران هیچ دوژمنایەتییەكی بەرامبەر گەلی ئەمریکا نییە. ئێمە هەرگیز دەستپێشخەری شەڕمان نەکردووە، بەڵکو تەنیا بە توندی و بوێرانە وەڵامی هەموو ئەوانەمان داوەتەوە كە هێرشیان کردووەتە سەرمان".
پزیشكیان هەروەها نووسیویەتی "وێناکردنی ئێمە وەک هەڕەشە لەگەڵ مێژوو و ئێستای ئێران یەك ناگرێتەوە، گەلی ئێران دوژمنایەتی بەرامبەر هیچ گەلێكی دیکە نییە، لەوانە گەلی ئەمریکا، ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێ".
سەرۆك كۆماری ئێران جەختیشی كردۆتەوە كە "هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئێران بەئامانجگرتنی گەلەكەمانە و لێكەوتەی خراپ و بێ سنووری لێ دەكەوێتەوە، ئەوەی ئێمە دەیکەین دەستدرێژیکردن نییە، بەڵكو وەڵامێکە لەسەر بنەمای بەرگریكردن لەخۆمان، لە كاتێكدا ئەمریكا دووجار دەستدرێژی ناڕەوای كردۆتە سەرمان لە ناوەڕاستی دانوستاندندا".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.