ئەو هونەرمەندە دەست و پەنجەجوانی ژەنینی زەڕب..!
ئامێری تەپڵ یان زەڕب، یەکێکە لە ئامێرە کۆنەکانی موزیک، مێژوویەکی کۆنی هەەیە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئایینییەوە، لە نێو نەتەوەکەماندا زۆر لە هونەرمەندانی دەست و پەنجە زێڕین هەیە لە ڕێی ئەم ئامێرە ڕیتمییەی موزیکەوە خزمەتێکی زۆری هونەری موزیک و گۆرانی کوردییان کردووە، ژەنیارێکی ئامێری تەپڵ یان زەڕب ماوەی چەند ساڵێک لەو بوارەدا خزمەتی کردووە، بە دەست و پەنجە کوردییەکەی هاوکار و پشتیوانی گرووپی مۆسیقا و دەنگی هونەرمەندان بووە لە ڕێی ئامێرەکەیەوە، ناو و ئامێرەکەی بووەتە ناسنامەیەکی دیار لە نێوەندی هونەری و خەڵکیدا، بەشداریکردنەکانی ئەم هونەرمەندە ژەنیارە لە ئاهەنگ و زەماوەند و تۆماری کاری هونەری هونەرمەندان لە ئەژمار نایەت لەبەر ئەوەی ئەوەندە زۆرە و بەهرە و تواناکانی خۆی تێدا دەرخستووە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی کار و دابینکردنی بژێوی ژیان و بە هەند وەرنەگرتنی هونەرەکەى ماوەی چەند ساڵێکە دوورکەوتووەتەوە؟!
هونەرمەندی ژەنیاری ئامێری تەپڵ (شێرەی تەپڵ).
ئەم هونەرمەندە دەست و پەنجە شیرین و ڕۆح سووک و خۆشەویستی نێو هونەرمەندان ناوی سیانی (شێرزاد عەبدوڵڵا عەزیز) لە نێوەندی هونەری بەهۆی ئامێرەکەیەوە زیاتر ناسراوە بە (شێرەی تەپڵ).
بە پێویستم زانی لە نزیکەوە بیدوێنم و لاپەڕە جوانەکانی ژیانی هەڵبدمەوە،
هونەرمەند لە ڕێکەوتی (19/4/1967) لە گەڕەکی (چوارباخ)ی شاری سلێمانی، پشتی ماڵی هونەرمەندی میللی (ئەحمەد شەماڵ) چاوی بە ڕۆشنایی ژیان هەڵهێناوە.
شێرزادی هونەرمەند، جیا لە دایک و باوکی خاوەنی (2) برا و (4) خوشکە، باوکی شێرزاد (عەبدوڵڵا عەزیز) کەسێکی دیندار و خواپەرست بووە، ماوەی ساڵانێک قورئان خوێنی مزگەوتی (خانەقای مەولانا خالید) بووە.
شێرزاد وەک هەموو منداڵەکانی ئەو گەڕەکەی تێیدا پەروەردە و گەورە بووە بۆ وەرزی خوێندنی ساڵی (1972 _ 1973) لە قوتابخانەی (مەولەوی) سەرەتایی لە گەڕەکی چوارباخ بەمەبەستی پەروەردەکردن و فێربوونی ئەلف بێی کوردی خراوەتە بەر خوێندن.
لەو قوتابخانەیە بەردەوام نابێت، لە پۆلی دووەمی سەرەتاییەوە شێرزاد دەگوازرێتەوە بۆ قوتابخانەی (بێخوود)ی سەرەتایی و درێژە بە خوێندن دەدات تا قۆناغی سەرەتایی تەواو دەکات.
لە ناوەندی (کۆماری _ جمهوری) لە پۆلی یەکەمی ناوەندی دەخوێنێ و دواتر دەردەچێت بۆ پۆلی دووەمی ناوەندی، بەداخەوە شێرزاد لە ساڵی (1981) دەستبەرداری خوێندن دەبێت و شان دەداتە بەر کارکردن.
لە هونەرمەند شێرزادی تەپڵم پرسی، بۆ دەستبەرداری خوێندن بوویت؟ دواتر بە چییەوە سەرقاڵ بوویت؟
شێرزادی تەپڵ: بەهۆی ژیانەوە وازم لە خوێندن هێنا و کەوتمە ژیانی کارکردن، یەکەم کارێک کە کردم بووم بە شاگردنانەوا لە لای (شێخ نووری نانەوا) بۆ ماوەی یەک ساڵ ئەو کارەم کرد، دواتر بووم بە شاگردجگەرچی لە لای دوو وەستای بەڕێز (محەمەد و کوردە)، ئەو سەردەمە تازە مزگەوتی (عەلی کەمال) دروست دەکرابوو، ئەو ناوە چۆڵ بوو لە زەوییەکانی دەوروبەری ئەو مزگەوتە خانوو دروست دەکرا، کرێکار و وەستا لەو ناوە کاریان دەکرد، ئەو جگەرخانەیە تایبەت بوو بەو کرێکارانەی لەوێ کاریان دەکرد بەیانیان و نیوەڕۆیان دەهاتن لەوێ نانیان دەخوارد، یەکەم کەسێک لەو جگەرخانەیە ناسیم هونەرمەندی دەنگخۆشی میللی (ڕەزا جولەکانی) بوو (ڕۆحی شاد بێت) ئەو کاتە کرێکاری دەکرد.
پرسیار: ئەو هەستە هونەرییە و ئارەزووتان بۆ موزیک لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
شێرزادی تەپڵ: بەر لە هەر شتێک بەهۆی ئەوەی باوکم کەسێکی ئاییندار و قورئان خوێن بوو، دەتوانم بڵێم بەشێکی لە باوکی کۆچکردوومەوە بوو، ئەو سەردەمە لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی مەراسیمی خوێندنەوەی مەولودی پێغەمبەر (د.خ) دەکرا و باوکم بە ڕەحمەت بێت بەشداری ئەو بۆنە پیرۆزانەی دەکرد، لەو مەراسیم و سرووتە ئایینییەوە ئاشنا بووم بە ئامێری (تەپڵ و دەف) و کاریگەری لەسەرم دانا.
هۆکاری دووەم کاتێک قوتابی پۆلی چوارەمی سەرەتایی بووم لە قوتابخانەی (بێخوود) بە هاوکاری و پشتیوانی مامۆستا و هونەرمەند (نامدار قەرەداخی) لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێی قوتابخانەکەم مامۆستا نامدار منی لە گرووپی کۆرسی قوتابخانە دانا، دەتوانم بڵێم لە هەموو کار و چالاکییە هونەرییەکانی قوتابخانەکەم بەشدار بووم، ئەوە بووە هۆی ئەوەی زۆر ئارەزووم بۆ ئامێری تەپڵ پەیدا کرد و ئاواتم بوو بۆ خۆم ببمە خاوەنی تەپڵێک..! چەند جارێک داوام لە باوکم دەکرد تا پارەم بداتێ و تەپڵێک بکڕم، بەڵام بەداخەوە پارەی نەدەدامێ و ڕێگری لێ دەکردم، دوای ئەوەی وازم لە خوێندن هێنا و بووم بە شاگرد، بە ڕۆژانەکەم کە وەرم دەگرت پارەم کۆکردەوە و توانیم بە ئاواتەکەم بگەم و تەپڵێک بکڕم، دواتر ڕۆژانە خۆم پێوە سەرقاڵ دەکرد، ڕۆژ بە ڕۆژ هەستم دەکرد دەست و پەنجەکانم لەگەڵ ئامێرەکەم ئاوێتەی یەکتری بوون و دەتوانم تەپڵ بژەنم.

پرسیار: هەستت بە خۆت و دەست و پەنجەکانت دەکرد کە توانای ژەنینی ئامێری زەڕبتان هەەیە، کەی بوو بۆ یەکەمجار وەک ژەنیارێک بەشداری بکەیت لە کۆڕ و دانیشتن و ئاهەنگی ماڵان؟
شێرزادی تەپڵ: ساڵی (1981 بۆ 1982) زستانێکی زۆر سارد و بەفر و باران بوو لە شاری سلێمانی، لەگەڵ مامۆستا (فەرەیدون قادر) ژەنیاری ئامێری (کەمانچە _ ڤیۆلۆن) ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی، ئەو بە کەمانچەکەی و منیش بە زەڕبەکەم، هەردووکمان عەزفمان بۆ هونەرمەند (ڕەزا جولەکانی) دەکرد لە ماڵی (عوسمانی نانەوا)، ئەوە یەکەم ئاهەنگی ماڵان بوو بەشداری بکەم.
پرسیار: دوای ئەو ئاهەنگە بەردەوام بوویت؟
شێرزادی تەپڵ: بەڵێ چونکە عەشقێکم بۆ هونەر و ئامێرەکەم هەبوو، لە ساڵی (1983) چووم بۆ لای هەردوو هونەرمەندی ژەنیار (جەمال سابیر و ئیبراهیم سابیر) لە (مەڵبەندی لاوان _ رعایە شباب) وەک ژەنیاری زەڕب، لەوێوە زیاتر ناسرام.
هونەرمەند و مامۆستا (ئیبراهیم سابیر) پێی ڕاگەیاندم:
(کاکە شێرزاد لە ساڵی (1983) هاتە لامان لە مەڵبەندی لاوان، ئێمەش ئەو کاتە بەردەوام خولی موزیکمان دەکردەوە، کاکە شێرزاد کەسێک بوو لەو فێرخوازانە، ڕۆح سووک و نەرمونیان و کەسێکی ڕاستگۆ و چالاک و زۆر حەزی بۆ هونەرەکەی هەبوو، کەسێکی خۆشەویستی ئێمە و هاوڕێکانی بوو، هەستم بە عەشقێکی پاک دەکرد لە ناخیدا بۆ هونەرەکەی، توانی لە هەموو چالاکییەکانمان بە دەست و پەنجە جوانەکەی بە سەرکەوتوویی بەشداری بکات، ئەوەندەی بێتەوە یادم ئەو کاتە کاکە شێرزاد زۆر خڕ و جوان بوو، کاتێک عەزفی دەکرد حەزت بە گوێگرتنی عەزفەکەی دەکرد چونکە زۆر هەستیار و هەست بزوێن و بە سۆز و عەشقەوە عەزفی لەسەر ئامێرەکەی دەکرد) (1).
پرسیار: هەر لە مەڵبەندی لاوان (رعایە شباب) مایتەوە، یان تێکەڵاو بە گرووپی تری مۆسیقا بوویت؟
شێرزادی تەپڵ: لەوێ زیاتر شارەزا بووم و لە نێو خەڵکیدا ناسرام، ماوەیەک چوومە تیپی هونەری میللیی (سۆران)، لەگەڵ هاوڕێیانم لەو تیپە میللییە لەگەڵ ئەم هونەرمەندانە کاری هونەریمان ئەنجامدا (ئەحمەد شەماڵ، عومەر خەمزەیی و ساڵحی چایچی)، دوای ئەوە لە ساڵی (1983) لەگەڵ هاوڕێم ساڵحی چایچی چووینە ناو تیپی هونەری میللیی (ژووان)، ئەو کاتە هونەرمەند (سالار کەریم حەمادی) سەرۆکی تیپی ناوبراو بوو.
پرسیار: بەڕێزتان وەک ژەنیارێک بەشداریتان کردووە لە تۆمارکردنی بەرهەمی هونەرمەندان بۆ تەلەفزیۆنی کەرکووک؟
شێرزادی تەپڵ: لە ساڵی (1983) وەک ژەنیاری زەڕب لەگەڵ هاوڕێیانم (سالار کەریم حەمادی ژەنیاری قانوون)، (ڕەحیمی نەى بە باڵەبان)، (نووری ئەستێ بە دەف) و خۆشم بە زەڕب بەشداریم کرد لە تۆمارکردنی گۆرانی (شەدەلار و گەوهەرێ) بۆ هونەرمەند (میدیا حسێن) و گۆرانی (ئای لەمینا و ئەی یار) بۆ ساڵحی چایچی، بۆ تەلەفزیۆنی کەرکووک. دەبێت ئەوەش بڵێم لە ڕێی ئەو کارانەوە من زیاتر تێکەڵاو بووم و هونەرمەندانی زیاترم ناسی وەک: (ڕەحیمی نەى، ئومێدی نەى، خالید محەمەد، سمکۆی ساز و هەستیار نووری ئۆرگ ژەن و زۆری تر).
پرسیار: ئەو هونەرمەندانەی وەک ژەنیارێک ئامێری زەڕبتان بۆ ژەنیون، لە یادت ماوە کێ بوون؟
شێرزادی تەپڵ: بەڵێ زۆر زۆرن داوای لێبوردن لە هەموو ئەو هونەرمەندانە دەکەم ئەگەر ناویانم ئێستا لە یاد نەبێت، بەڵام خۆشحاڵ بووم ڕۆژێک بووە خۆم و زەڕبەکەم لە خزمەتیاندا بووم، ئەو هونەرمەندانەی ئێستا لە یادمن: (ئەحمەد شەماڵ، مەحمود محەمەد، میدیا حسێن، ئیبراهیم سەعید ناسراو بە بلەی سەعەکەڕ، عەتا چاوشین، ڕەزا جولەکانی، ئەحمەد دەروێش، ئیسماعیل ئیبراهیم، قادری مەلاچاوڕەش، ساڵحی چایچی، حامید بێکەس و عەلی یارە و زۆری دیکە).
پرسیار: ئەی هونەرمەندانی شارەکانی دیکەی کوردستان لەگەڵ هیچ یەکێک لەو هونەرمەندانە ئامێری زەڕبتان ژەنیوە؟
شێرزادی تەپڵ: بێگومان ئەو هونەرمەندە خۆشەویستانەی لە شار و شارۆچکەکانەوە هاتوون یان ئێمە چووینەتە لای ئەوان، بۆ نموونە (جەلال سەعید، ساڵح سەرچناری، عارەب عوسمان، نووری گەرمیانی و عوسمان حسێن و زۆری تر، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە بەتایبەت لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی (1991) وە وەک: قادری مامەندی، فەتاحی سەوزەواری، سەید عەلی سەردەشتی، ڕەشیدخانی فەیز نەژاد، برایمی قادری، برایمی فەتاحی، عەینەدین و حسەینە ڕەش و ناسری ڕەزازی، کاک جەمال بۆ خۆت ئامادەی ئەو دانیشتنە بوویت، عەزیز وەیسی و جەلالی کەریمی، هەروەها هونەرمەندە دەنگ بەسۆزەکانی هەورامانیش هونەرمەند (حەمە حوسێن کێمنەیی و سەباح هەورامی و سیروان لهۆنی) کارم کردووە، داوای لێبووردن دەکەم کە ناوی ئەو هونەرمەندە ئازیزانەم لە یاد کردبێت ئێستا هەر ئەوەندە لە خەیاڵمدایە.
پرسیار: زۆربەی ئەو کارە هونەرییانەی ئەنجامتان داوە، ئاهەنگی بووک گواستنەوە و شەودانیشتن و ئاهەنگی ماڵان و کاری تەلەفزیۆن بووە، ئایا لەگەڵ دەنگ و هونەری کام هونەرمەند خۆشحاڵ بوویت و چێژت وەرگرتووە و هەمیشە حەزت کردووە وەک ژەنیار بەشدار بیت لەگەڵیدا؟
شێرزادی تەپڵ: لەگەڵ ڕێز و حورمەت و خۆشەویستی زۆرم بۆ هەموو ئەو هونەرمەندانەی لە دەستپێکی کاری هونەریمەوە تا ئەمڕۆ وەک ژەنیارێک بەشدار بووم هەموویان بۆ من جێگەی ڕێزن و هونەرەکەیان بەرز دەنرخێنم، بەڵام ناششارمەوە هەندێک دەنگ و هونەری هونەرمەند هەبووە چێژییان پێبەخشیووم و منیش بە زەڕبەکەمەوە ئاوێتەی دەنگ و هونەرەکەیان بووم هونەرمەندان (ئەحمەد شەماڵ، مەحمود محەمەد، فەتاحی سەوزەواری و ڕەزا جولەکانی).
پرسیار: لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی (1991)وە بەڕێزتان لە هیچ تیپێکی مۆسیقی بەشداری کاری هونەریتان هەبووە؟
شێرزادی تەپڵ: بەڵێ خۆم یەکێک بووم لە دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای میللی (خەیام) لەگەڵ هونەرمەندانی ئازیز (ڕەحیمی نەى بە باڵەبان، خالید محەمەد بە ساز، هەستیار نووری بە ئۆرگ و ئومێدی نەى بە باڵەبان و خۆشم بە زەڕب) ئەم تیپە میللییە بەشداری زۆر لە ئاهەنگەکانمان دەکرد و موزیکمان بۆ هونەرمەندان (مەحمود محەمەد، کامیل حەسەن، ڕزگار دەروێش و عەبدولی ماملێ) ژەنیوە، جیا لەوەش وەک ژەنیاری زەڕب هاوکاری تیپی مۆسیقای (نالی)م کردووە لەگەڵ هونەرمەندان (گۆران کامیل ژەنیاری عود، فەرهاد بەداخەوە ناوی باوکیم لە یاد نییە ژەنیاری کەمانچە) بوو، هەروەها لە چەند بەرنامەیەکدا هاوکاری گرووپی (گەڕیان)م کردووە، ماوەیەکیش لەگەڵ تیپی مۆسیقای (مەولەوی) ئەوەی لە یادم بێت لەگەڵ هونەرمەندی گەورە (ئیبراهیم محەمەد واتە مامۆستا ئیبراهیم خەیات، گۆرانییەکی هونەرمەند عەتا چاوشین بوو بە ناوی (حەزم دەکرد) لەگەڵ تیپی مۆسیقای مەولەوی بە ژەنینی زەڕب بەشدار بووم، بە خۆشحاڵییەوە لە چەندین کاری هونەری لە خزمەت مامۆستا و هونەرمەندی گەورە (ئەنوەر قەرەداخی)دا بووم هەمیشە شانازی بەو ڕابردووەوە دەکەم.
هونەرمەندی ژەنیار (هەستیار نووری) دەربارەی هونەرمەند شێرزادی زەڕب دەڵێت (من و کاکە شێرزاد زیاتر لە 30 ساڵ لەمەوبەر یەکتری دەناسین و پێکەوە چەندین کاری هونەریمان ئەنجامداوە، هەردووکمان ماوەیەک لە تیپی هونەری میللیی خەیامدا بووین، ئێمە ئەو کاتە بەشداری بۆنە و ئاهەنگەکانمان دەکرد زیاتر ئاهەنگی بووک گواستنەوە، لە ماڵی کاک جەزای زەڕەنگەر کۆمەڵێک گۆرانیمان بۆ هەردوو هونەرمەند (جەلال سەعید و مەحمود محەمەد) تۆمار کرد، ئەو بەرهەمە وەک ئەرشیف لە تۆمارگاکان هەیە، هەروەها دەتوانم بڵێم کاکە شێرە هەر ئەو دەست و پەنجەیە نییە تەنها لەسەر وەزنی دەهۆڵی یان لەسەر ڕیتمی شەش لەسەر هەشتدا کاری کردبێت نەخێر، بەڵکو شارەزایی لە هەموو شێوازەکانی دیکەدا هەبوو، من و ئەو بە تەنها لە کاتی پشووی ئاهەنگەکاندا پێکەوە ئەو بە زەڕبەکەی ژەنینێکی فارسی و منیش بە هەمان شێوە موزیکمان لێداوە لەو ژەنینەشدا هەمیشە داهێنانی کردووە هەر ئەوە نەبوو کە موزیکژەنێکی موزیکی شاد بێت، لە لای من هونەرمەندێکی بەتوانایە لە بوارەکەی خۆیدا، هونەرمەندێکی ڕەسەن و هەمیشە خۆی و هونەرەکەی بەرز دەنرخێنم، کاکە شێرە جێ دەستی دیارە لە کاری هونەرمەندان و چەندین گرووپ و تیپی میللیی لە زۆربەی دانیشتن و شەو ئاهەنگ و کۆڕ و کۆبوونەوەی هونەرمەنداندا، گەواهیدەری دەست و پەنجە جوانەکەی لە ژەنینی زەڕبدا ئەو بەرهەمە هونەرییانەن کە ئەمڕۆ بوونەتە ئەرشیفی هونەر و مۆسیقای کوردی و لە تۆمارگاکاندا بوونیان هەیە) (2).
پرسیار: بەڕێزتان هونەرمەندێکی دیاری ژەنیاری ئامێری (زەڕب)ن، بەڵام پێش بەڕێزتان و ئێستاش کۆمەڵێک هونەرمەندی بەتوانامان هەیە خاوەنی دەست و پەنجە و ژەنینی جوان و چێژبەخشن، ئایا لە بوارەکەی خۆتاندا بە دەست و پەنجەی چ هونەرمەندێکی ژەنیاری زەڕب سەرسامیت؟
شێرزادی تەپڵ: بێگومان ئێمە هونەرمەندی باش و بەتوانامان هەیە لە تەواوی کوردستان و ڕێز بۆ کارەکانیان دادەنێم، بەڵام وەک خۆم چێژ لە دەست و پەنجەی چەند هونەرمەندێک وەردەگرم، کاتێک کە گوێ لە کارەکانیان دەگرم سەرسامم پێیان، هونەرمەندان (سەید قادری بەرزنجی، عەبە بچکۆل و عوسمانی سەیاحی و ئالان ڕەفیق) بەڕاستی ئەو هونەرمەندانە مامۆستان لە ژەنینی زەڕبدا.
پرسیار: ئەگەر بێتەوە یادتان لەو ماوە زۆرەی کاری هونەریتان، جیا لەو بەرنامانەی لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان تۆمارتان کردووە، ئەوانەی دەشت و دەر و ئاهەنگ و دانیشتنی ماڵان کێ بوون ئەو کەسایەتییانەی بەرهەمەکانیان بۆ تۆمار دەکردن؟
شێرزادی تەپڵ: هەرچەندە ئەو کاتە ستۆدیۆی باش و بتوانی کاری هونەری و دەنگی تێدا تۆمار بکەیت بەو شێوەی ئێستا هەیە نەبوو، بەڵام خۆشبەختانە کۆمەڵە کەسانێکی دڵسۆز و لێهاتوو هەبوون بە ئامێرە تۆمارکردنەکانیان ئەو سەردەمە ئامێری تۆمارکردن (گرۆندیک یان فلێپس) هەبوون، ئەو خەمخۆرانە بەو ئامێرە سادانەی ئەو سەردەمە ئەو هەموو کارە جوانانەیان تۆمارکردووە، دەبێت ڕێز لە هەوڵ و تێکۆشان و ماندووبوون و خەمخۆرییان بگرین، چونکە ئەگەر ئەوان نەبووایه ئێستا ئەو ئاهەنگ و دانیشتن و بەرهەمە هونەرییانە نەدەبوونە ئەرشیفێکی بەنرخی هونەری گۆرانی و ئاوازی کوردی، ئەوانەی لە یادەوەریمدا ماون ئەو بەڕێزانە بوون (نووری سەید باقی، جەلالی حاجی ڕەشید ناسراو بە جەلالە قەڵەو، غەریبی تەنەکەچی (خودای گەورە گیانیان بە بەهەشت شاد بکات) لەگەڵ کاک کەمالی حاجی سەعید تۆمارگای خەیام).
بەمەبەستی زیاتر ئاشنابوون بە بەرهەمە تۆمارکراوەکانی هونەرمەند شێرە تەپڵ لەگەڵ هونەرمەندان، پرسیارم لە (کاوەی محەمەدی حاجی سەعید تۆمارگای خەیام) کرد لە وەڵامدا وتی:
(هونەرمەندی ژەنیاری ئامێری زەڕب کاکە شێرە، یەکێکە لەو هونەرمەندە دەست و پەنجە شیرینانەی نەتەوەکەمان، ناتوانم بە ڕێژە ئاماژە بە بەرهەمەکان بدەم، کارەکانی زۆرن هەر ئەوەندە دەڵێم کەم هونەرمەند ماوە کاکە شێرە زەڕبی بۆ نەژەنیبێ، یەکێک لە خەسڵەتە جوانەکانی ئەم هونەرمەندە ئەوەیە، خۆنەویست و هونەرخۆشەویستە، ئەو کارانەی لە سەرەتای کاری هونەرییەوە کردوونی دەتوانم هەموویان بێ بەرامبەر کردوونی ئەو حەز و خولیای زۆری بۆ هونەرەکەی هەبووە، واتە هونەری لەپێناو پارەدا نەکردووە) (3).
پرسیار: ناو و نازناوی شێرەی تەپڵ یان شێرەی زەڕب هێدی هێدی بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت ناوی (شێرەی جگەرچی) بووەتە جێگرەوەی ناو و نازناوەکەی پێشووتان، بەداخەوە هیچ کات هونەر نەبووەتە سەرچاوەی بژێویی بۆ ژیانی هونەرمەند، بەڵکو هەر هونەرمەندێک بە کارێکی ترەوە سەرقاڵ بووە و هونەرەکەشی فەرامۆش نەکردووە، لە ساڵی چەندەوە بوویتە خاوەنی دوکانی خۆت و پیشەی جگەرچیتان کردە پیشەیەکى سەرەکی و لە هونەر دوورکەوتوونەتەوە؟
شێرزادی تەپڵ: وەک پێشتر ئاماژەم پێدا من لە شاگردجگەرچێتییەوە بەردەوام بووم تا ساڵی (1991) دوکانی خۆمم دانا و لەگەڵ هەردوو براکەم پێکەوە لەم شوێنە کار دەکەین، پیشەکەم و هیوایەتەکەم کە هونەر بوو پێکەوە گرێ دابوو، دەتوانم بڵێم تا ساڵی (2006) بەشداری سەدان ئاهەنگ و دانیشتنی ماڵان و کۆڕ و کۆبوونەوەی یاران نەک بە تەنها لە شاری سلێمانی، بەڵکو لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەشداریم کردووە، لە دەیان بۆنە و ئاهەنگ و بەرنامە و پرۆگرامی کەناڵە ئاسمانی و لۆکاڵییەکاندا هەبووە، هیوادارم لە دەستپێکی کاری هونەریمەوە تا ساڵی (2006) خزمەتم بە هونەری موزیک و گۆرانی کوردی کردبێت، بەڵام دوای ئەو هەموو ساڵە زەڕب لێدان بۆ هونەرمەندان بەبێ جیاوازی گەیشتمە ئەو ڕاستییەی وەک هونەرمەند و مامۆستای گۆرانی کوردی (حەسەن زیرەک) فەرموویەتی (هونەر بۆ من هیچی نەکرد؟؟!) دەتوانم بڵێم بۆ منیش هەروا بووە، دەمەوێ لە ڕێی ئەم دیدارەوە ئەوە ڕابگەیەنم من زیندانی سیاسی بووم و ئەندامی زیندانیانی سیاسی کوردستان و ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانیشم، لەو دوو ڕێکخراوەوە تا ئێستا ئاوڕم لێنەدراوەتەوە و هیچ سوودمەندیش نەبووم دەرئەنجامی پاداشتی ئەو هەموو ساڵە خزمەتە بە هونەری نەتەوەکەم، تەنها ناوێکم پێبەخشرا ئەویش (شێرەی تەپڵ) هەرچەندە بۆ هەمیشە شانازی پێوە دەکەم، وەک ئاماژەم پێدا لە (2006)ەوە لە کاری هونەری دوورکەوتوومەتەوە و سوپاسگوزاری پەروەردگارم لە ڕێگەی کارەکەمەوە توانیومە درێژە بە ژیان بدەم و پێویستیم بە لایەنێک و کەسێک نەبێت، ئێستاش لە نێو خەڵکیدا بەهۆی پیشەکەمەوە هەڵگری ناو و نازناوی (شێرەی جگەرچی)م، هەردوو ناو و نازناوەکە بۆ من جێی شانازییە و خۆشحاڵم کە ڕۆژێک بووە ڕێبوارێکی بە ئەمەک و دڵسۆزی ڕێگا پیرۆزەکەی هونەری موزیک و گۆرانی کوردی بووم.
پرسیار: دوای ئەوەی بەڕێزتان لە کاری هونەری دوورکەوتوونەتەوە، ئایا کەسێک لە خانەوادە یان بنەماڵەکەت بە کاری هونەرییەوە سەرقاڵن؟
شێرزادی تەپڵ: بەڵێ بە خۆشحاڵییەوە کاک نەوزادی برام وەک هونەرمەندێکی ژەنیاری ئامێری (دەف) لەو ڕێگا پیرۆزەی هونەردا کاری هونەری دەکات، کوڕەکەشم ناوی (باڵا)یە دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانییە، شارەزایی هەەیە لە ژەنینی ئامێرەکانی موزیک، بەڵام ئامێری دڵخوازی خۆی ئامێری (ساز)ە، قوتابی مامۆستا (یادگار عەزیز)ە، لە بوارەکەى خۆیدا بەتوانایە و منیش بە هەموو شێوەیەک هاوکار و پشتیوانی بووم و دەبم. (4).
نووسەر: جەمال عومەر (جەمالی دەلاک)
سەرچاوە:
(1) پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هونەرمەند و ژەنیار (ئیبراهیم سابیر) ڕۆژی دووشەممە (9/2/2026).
(2) پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هونەرمەندی ژەنیار (هەستیار نووری) ڕۆژی سێشەممە (10/2/2026).
(3) دیدار لەگەڵ بەڕێز (کاوەی محەمەدی حاجی سەعید_ تۆمارگای خەیام) ڕۆژی دووشەممە (16/2/2026).
(4) دیدار لەگەڵ هونەرمەندی ژەنیار (شێرزادی زەڕب) ڕۆژی دووشەممە (9/2/2026) لە دوکانی جگەرچێتییەکەى کاتی کارکردن (ج،د).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.