پاش زنجیرەیەک هێرش و پەککەوتنی هاتوچۆی بازرگانی لە گرنگترین ڕێڕەوی ئاویی جیهان، حکوومەتی تایلاند توانی گەرەنتییەکی تایبەت لە تاران وەربگرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی تانکەرە نەوتییەکانی لە گەرووی هورمز.
ئەمڕۆ شەممە، حکوومەتی تایلاند بە فەرمی ڕایگەیاند، کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی ستراتیژی بۆ ئەوەی ڕێگە بە تانکەرە نەوتییەکانی تایلاند بدرێت بە سەلامەتی بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕن، ئەمەش دوای ئەوەی تاران بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەرووەکەی بە کردەیی داخستبوو.
ئەنوتین چارنڤیراکۆل سەرۆک وەزیرانی تایلاند ڕایگەیاند: "گەیشتووینەتە ڕێککەوتنێک کە گەرەنتی تێپەڕبوونی سەلامەتی تانکەرەکانمان دەکات، ئەمەش نیگەرانییەکانمان سەبارەت بە دابینکردنی سووتەمەنی کەم دەکاتەوە .
وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەدەست کەمیی دابینکردنی سووتەمەنییەوە دەناڵێنن. لە تایلاند نرخی سووتەمەنی لەم هەفتەیەدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و تانکییەکانی سووتەمەنی لەبەردەم وێستگەکاندا ڕیزی درێژیان گرتووە.
لە 11ی ئازاردا، کەشتییەکی بازرگانیی تایلاند لە گەرووی هورمز ڕووبەڕووی هێرش بووەوە و تا ئێستاش سێ ئەندامی تاقمەکەی بێسەروشوێنن.
سوپای پاسدارانی ئێران دووپاتی کردووەتەوە کە گەرووەکە بەڕووی ئەو کەشتییانەدا داخراوە کە پەیوەندییان بە "دوژمنەوە" هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران گەیشتوونەتە لوتکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.