Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 22:05

لە قاهیرە یادی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی کرایەوە و ڕێز لە گیانی شەهیدانی پێشمەرگە گیرا

کوردستان TV
100%

مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە، مەراسیمێکی شایستەی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2726 سازکرد. مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی د. موهەنەد موحسین ئەلمەیاحی، جێگری باڵیۆزی عێراق لە قاهیرە و ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیپلۆماتییەکانی باڵیۆزخانە، پەرلەمانتارانی میسر، ئەکادیمیستان، میدیاکاران و کۆمەڵێکی بەرچاو لە قوتابیانی عێراقی و کوردی زانکۆکانی میسر بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا، ئامادەبووان بە خولەکێک بێدەنگی و خوێندنی سورەتی فاتیحە، ڕێزیان لە گیانی پاکی 6 شەهیدی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گرت کە لە هێرشەکاندا شەهید بوون

د. موهەنەد موحسین ئەلمەیاحی، جێگری باڵیۆزی عێراق لە وتارێکدا ڕایگەیاند: "عێراق هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر خاکەکەی و هێزە نیشتمانییەکانی ڕەتدەکاتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە نەورۆز جەژنێکی نیشتمانییە و برەو بە برایەتی دەدات و دووپاتیکردەوە کە کورد هاوبەشێکی ڕاستەقینەی نیشتمانە و لە دوای ساڵی 2003وە عێراق بە حیکمەتی سەرکردەکانی هەوڵی یەکگرتوویی دەدات. هەروەها ستایشی ڕۆڵی مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد لە قاهیرە بۆ کۆکردنەوەی عێراقی و میسرییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکان.

شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە، لە گوتەیەکدا تیشکی خستە سەر مێژووی نەورۆز وەک سیمبولی سەرکەوتنی دادپەروەری بەسەر زۆرداریدا. حەبیب وتی: "نەورۆز نیشاندەری خۆشەویستی گەلی کوردە بۆ ژیان و ئاشتی. ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەت هەولێری پایتەخت، بەهۆی دیدگای سەرۆک مەسعوود بارزانی بووەتە ماڵی پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی."

سەبارەت بە دۆخی ئێستاش، حەبیب ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا یاد و ئاهەنگ دەگێڕین، نەیارانی ئازادی 6 پێشمەرگەیان شەهید و 30 کەسی دیکەیان بریندار کرد، بەڵام خوێنی ئەو شەهیدانە بەفیڕۆ ناچێت و پاراستنی خاکی کوردستان هێڵی سوورە."

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، ئاماژە بەوە کرا کە جەژنی نەورۆز لەلایەن زیاتر لە 300 ملیۆن کەس لە جیهاندا یادی دەکرێتەوە و لە ساڵی 2010وە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و یونسکۆ وەک ڕۆژێکی جیهانی و بەشێک لە کەلەپووری مرۆڤایەتی ناسێنراوە، هەروەها ڕۆژی 21ی ئادار وەک ڕۆژی ئاشتی جیهانی دەستنیشانکراوە.

لەکۆتاییدا، نوور ئەلعەقەد، کەسایەتی میدیایی و پێشکەشکاری مەراسیمەکە، وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە گەلی کورد، هیوای ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە خواست و جەختی لە گرنگی ئەم جۆرە بۆنانە کردەوە بۆ نزیککردنەوەی گەلانی میسری و کوردی و عێراقی.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.