وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا ڕۆژی یەکشەممە 29-3-2026، دەوامی فەرمی لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و ئاسانکاری پێویست بۆقوتابیان بکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی وەزارەت، بڕیاری دەستپێکردنەوەی دەوام دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نائاسایی و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و ژووری ئۆپەراسیۆنی قەیرانەکان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دراوە. بۆ ئەم مەبەستەش، ڕۆژی شەممە 28-3-2026، دەرگای سەرجەم بەشەناوخۆییەکان بەڕووی خوێندکاراندا دەکرێنەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند ڕێنماییەکی بۆ زانکۆکان دەرکردووە، لەوانە: پێدانی دەسەڵات بە زانکۆکان بۆ ڕێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن، پێشینەدان بە وانە پراکتیکییەکان بۆ سوودوەرگرتن لە کات، و بەردەوامبوونی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) بەپێی پلانەکانی پێشوو. هەروەها بڕیاردراوە ئەو خوێندکارانەی ماستەر و دکتۆرا کە بەهۆی پشووەوە کاتی گفتوگۆی نامەکانیان تێپەڕیوە، قەرەبوو بکرێنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ڕەچاوکردنی دۆخی دەروونی و سەلامەتی گیانی خوێندکاران کراوەتەوە، لەگەڵ پاراستنی کوالێتی خوێندن. وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بە وردی چاودێری بارودۆخەکە دەکەن و لە حاڵەتی هەر پێشهاتێکی نوێدا ڕێکاری پێویست دەگرنەبەر.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کاتێکدایە، کە پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەک بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و هەماهەنگییە ئەمنییەکانەوە ڕاوەستابوو، ئێستاش حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی لیژنە تایبەتمەندەکانەوە هەوڵی ئاساییکردنەوەی ژیانی مەدەنی و بەردەوامبوونی پڕۆسەی زانستی دەدات لە ناوەندەکانی خوێندندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.