Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:07

لیژنەی هاوبەشی ئەمریکا وعێراق: نابێت عێراق بۆ هیچ جۆرە هێرشێک بەکاربهێنرێت

کوردستان TV
100%

لە چوارچێوەی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوانیان، عێراق و ئەمەریکا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هەماهەنگییان دا، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هێرشە تیرۆریستییەکان و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق لە ململانێ ناوچەییەکان.

دوێنێ، 26ـی ئاداری 2026، یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان عێراق و ئەمەریکا ئەنجامدرا. هەردوو لایەن ڕێککەوتن لەسەر چڕکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک دژی گەلی عێراق، هێزە ئەمنییەکان، نێردە دیپلۆماسییەکان و کارمەندانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا  کە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بە زمانی کوردی بڵاوی کردووەتەوە تێیدا هاتووە: لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە، کە نابێت خاکی عێراق وەک خاڵی دەستپێک بۆ هیچ جۆرە هێرشێک دژی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بەکاربهێنرێت. هەردوو وڵات پابەندبوونی خۆیان دووپات کردەوە بۆ هێشتنەوەی عێراق لە دەرەوەی بازنەی ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە و ڕێزگرتن لە سەروەریی خاک، ئاسمان و ئاوە ناوچەییەکانی عێراق.

هەروەها ئاماژە بەوە درا، کە هەماهەنگییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبن، بە جۆرێک کە پێشینە بدرێت بە هەنگاوەکانی عێراق بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان لە چوارچێوەی پاراستنی سەروەریی نیشتمانیدا.

ئەم ڕێککەوتنە نوێیەی بەغدا و واشنتن لە کاتێکدایە، کە عێراق و ئەمەریکا خاوەن هاوبەشییەکی ستراتیژیی درێژخایەنن لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنی، کە لە شەڕی دژی داعشدا گەیشتە بەرزترین ئاستی هەماهەنگی. پێکهێنانی ئەم لیژنە باڵایە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری لە عێراق و دوورخستنەوەی وڵاتەکە لە لێکەوتەکانی ئەو ئاڵۆزییە سەربازییانەی ئێستا بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە.

 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.