Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 08:09

مەسرور بارزانی: هەرشتێک پێویست بێت بۆ بەرگری لە وڵاتی خۆمان دەیکەین

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی كردەوە كە هەر شتێک پێویست بێت بۆ پاراستنی کوردستان و بەرگریکردن لە ماف و وڵات و خاکی كوردستان دەیکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سۆران ئامادەی ڕێورەسمی پرسەی شەش پێشمەرگە بوو کە لە هێرشی مووشەکيی ئێراندا شەهید بوون.

سەرۆکی حکوومەت دوای بەشدارییکردنی لە پرسەکە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، وێڕای سەرەخۆشیکردن لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و خەڵکی کوردستان، جەختی لە درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان کردەوە. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند "بە خەمێکی قووڵەوە سەرەخۆشی لە جەنابی سەرۆک و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و لە خۆمان دەکەین بۆ لەدەستدانی ئەو شەش شەهیدە قارەمانە. هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین".

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە "ئەمانە شەهیدی غەدر و خیانەتن و بەبێ هۆکار ئەم هێرشەی سەر پێشمەرگە ئەنجامدرا". گوتیشی بەهۆی خوێنی ئەو شەهیدانە ئێمە بە سەربەرزی لە وڵاتەکەماندا دەژین و کوردستانەکەشمان بەهۆی خوێنی شەهیدانمان بە بەهایە، هەر وەکو چۆن هیچ کاتێک خوێنی شەهیدان بە بە فیڕۆ نەچووە، ئەمجارەش هەروا دەبێت.

سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردەوە کە "ئێمە نامانەوێت تێکەڵی هیچ شەڕێک ببین و دەمانەوێت کوردستان پارێزراو بێت و بۆ ئەمەش هەر شتێک پێویست بێت بۆ پاراستنی کوردستان و بەرگریکردن لە کەرامەت و ماف و خاک و وڵاتی خۆمان دەیکەین و لەسەر ئەم ڕێگەیە، ڕێگەی شەهیدەکانمان و ڕێگەی سەرۆک بارزانی بەردەوام دەبین".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.