Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 08:09

نێچيرڤان بارزانى: ئێمه‌ به‌شێک نين و نابينه‌ به‌شێک له‌ جه‌نگ

کوردستان TV
100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پرسەی 6 پێشمەرگە شەهیدەکە کرد، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ پێشمەرگە بریندارەکان خواست و ڕایگەیاند، کە هەرێمی کوردستان نەبووەتە بەشێك لەو جەنگە و نابێتە بەشێك لە جەنگ. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران دان بەوەدا دەنێن كە هەڵەیەک كراوە و بەڵێنی ئەوەیان داوە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە بكەن.

پێشنيوه‌ڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی ئادار، دواى بەشداریكردنی لە پرسەی شەهیدانی پێشمەرگە كە لە هێرشى مووشه‌كيى به‌ره‌به‌يانى دوێنێى هێزه‌كانى ئێراندا شەهید بوون، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەوانان دا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "پێشەكی دەمەوێ سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان بكەم و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم. بە ڕاستی ڕووداوێكی زۆر ناخۆش بوو. ئەوەی كە دەتوانم بڵێم ئەوەيه‌ كه‌ هەر دواى ئه‌وه‌ پەیوەندیمان بە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە كردووە. ئەوان دان بەوەدا دەنێن كە هەڵەیەک كراوە و بەڵێنی ئەوەیان داوە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە بكەن. هاوخه‌مى و پەیامی سەرەخۆشییان بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە. ئێستا چاوەڕوانی ئەوەین بزانین وەڵامی كۆماری ئیسلامیی ئێران چى دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان".

نێچیرڤان بارزانی زیاتر گوتی: "بێگومان لاى خۆمانەوە پێشتر زۆر بە توندی سەركۆنەی ئەم هێرشەمان كردووە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، چونكە سیاسەتی هەرێمی كوردستان ڕوونە، ئێمە فاكتەری ئارامی و سەقامگیرین لە ناوچەكەدا. هەمیشە دووپاتمان كردۆتەوە كە ئێمە سەر".

دواتر لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە بەرپرسیاريه‌تیی حكوومەتی عێراق به‌رامبه‌ر به‌و هێرشانه‌ى ده‌كرێنه ‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: "پێویستە حكوومەتی عێراق دەسەڵاتەكانی بەكاربهێنێت وەك وڵاتێكی خاوەن سەروەری. سەرەتا پێویستە ئەو هێرشانە ڕابگیرێن، ئه‌وانه‌ى لەیاسادەرچووه‌كان دەيكه‌نە سەر هەرێمی كوردستان. ئەمە ئەركێكی حكوومەتی فیدراڵی عێراقە كە پێویستە جێبەجێی بكات".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: "ئێمە نەبووینەتە بەشێک لە جەنگ و نابینە بەشێک لە جەنگ و هیوادارین شتێكی دیكە ڕوونەدات". هه‌روه‌ها گوتى: "لە ناوخۆی عێراق لە هێزە ئەمنییەكانی عێراقیش دەدرێت، هەر ئەوە نییە كە لە هەرێمی كوردستان دەدرێت، بەڵام بێگومان پێویستە سنوورێک بۆ ئەوانە دابنرێت كه‌ لە یاسا دەرچوون".
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.