ژمارەیەك حزب و هێزی توركمانی لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا ئیدانە و سەركۆنەی هێرشەكەی شەوی رابردووی سەر بارەگای هێزی پێشمەرگەیان لە چیای سپیلك كرد كە بەهۆیەوە 6 پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون و 30 دیكەش بریندار بوون.
لە راگەیەنراوی هاوبەشی حزب و هێزە توركمانییەكاندا هاتووە "ئێمە ئەو هێزە تورکمانیانەی کە ناومان لە خوارەوە هاتووە، ئەو هێرشە ناڕەوايانەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان ئیدانە و سەرکۆنە دەکەین، کە بووە هۆکاری شەهیدبوونی ژمارەیەک لە پێشمەرگە قارەمانانەی کە پارێزەری ئارامی و سەلامەتی خەڵکی کوردستانن بە هەموو پێکهاتەکانیەوە".
لە راگەیەنراوەكە هەروەها هاتووە "سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان و کەسوکاری شەهیدە قارەمانەکانمان دەکەین و لە خوداى گەورە دەخوازین بە بەهەشتی بەرینی شادیان بکات، داوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران لە خودای گەورە دەکەین".
حزب و هێزی توركمانییەكان ئاماژەیان بەوەشداوە "پێویستە حکوومەتی عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سنوورێک بۆ ئەم هێرشانەی سەر هەرێمی کوردستان دابنێن کە هەرێمی تەبایی و پێکەوەژیانی پێکهاتە ئاینی و نەتەوەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست".
ئەمەی خوارەوە ناوی ئەو حزب و هێزە توركمانیانەیە كە راگەیەنراوەكەیان بڵاوكردۆتەوە:-
پارتی گەشەپێدانی توركمان
پارتى ديموكراتى توركمان
بزوتنەوەی دیموکراتی تورکمان
پارتی گەزەنگی توركمانى - كەرکوک
پارتى رزگاری نەتەوەیی تورکمان
پارتی نیشتمانی توركمانی
پارتی یەکگرتووی تورکمانی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.