لە پەیامێکی پشتگیری و هاوسۆزیدا بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، برێت مەکگۆرک جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێشمەرگە ڕۆڵێکی کاریگەری لە تێکشکاندنی داعش لەسەر ئاستی جیهان هەبووە، بەڵام لە ئێستادا ئەو هێزە ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکیی بالیستی ئێران دەبێتەوە.
مەكگۆرك پەیامەکەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) بڵاو كردۆتەوە و نووسیویەتی "سەرەخۆشی لە هاوڕێ کوردەکانمان دەکەین بۆ ئەو قوربانییانەی کە لەم هێرشانەدا کەوتوونەتەوە، هەروەها سوپاسگوزاری خۆمان بۆ ئەو هاوبەشییە درێژخایەنەی کە چەندین دەیەیە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەمانە، دەردەبڕین."
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشە مووشەکییەکانی سەر بارەگاکانی پێشمەرگە، نیگەرانییەکی زۆری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و جەخت لەسەر گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و هێزە بەرگریکارەکانی دەکرێتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوو هێرشی جیاوازدا بە 6 مووشەکی بالستی کۆماری ئیسلامی ئێران، هێرشکرایە سەر هەردوو بارەگای فیرقەی 7ی پیادەی دەڤەری 1 و هێزێکی فیرقەی 5ی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
بەپێی ڕاگەیەنراوی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە، لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا 6 پێشمەرگە شەهیدبوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.