Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 01:59

مەکتەبی سیاسیی پارتی ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر پێشمەرگەی كوردستان دەکات

کوردستان TV
100%

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەوا و بێ پاساوەی کرد، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی ئاداری 2026، کرایە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

لە ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا هاتووە "بە داخی زۆرەوە بەهۆی ئەو هێرشەوە ژمارەیەک پێشمەرگەی دڵسۆز شەهید و بریندار بوون، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین".

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان هیچ کات نەبووەتە بەشێک لە ململانێ و گرژییەکان و هەمیشە سیاسەتێکی ئاشتخوازانەی پەیڕەو کردووە، بەڵام بەداخەوە بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لەو هێرشە دوژمنکارانەیە دەڕوانن کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە مووشەکی ئێرانی کرایە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، پارتی داوا لە حکوومەتی فیدراڵ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکات، بە ئەرکی دەستووریی خۆیان هەڵسن بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەرچی زووە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییە بەردەوامانە دابنێن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، مەکتەبی سیاسیی پارتی داوای لە سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکان کردووە، کە لەم قۆناغەدا بە یەکگوتاری و هاوهەڵوێستی نیشتمانی بەرامبەر بەو پێشێلکاری و غەدرانە بووەستنەوە کە دەرحەق بە گەل و خاکی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.