وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زنجیرەیەک ڕێنمایی و پلانی کارکردنی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان بڵاوکردەوە، بە مەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە ڕۆژانی پشووی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆزدا.
وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، کە لێژنەی بەدواداچوون لە سەرجەم نەخۆشخانەکان پێک دەهێنرێت و پزیشکانی پسپۆڕ و کارمەندانی تەندروستی بە شێوەی ئێشکگری (خەفەر) لە ئەرکدا دەبن. ئاماژە بەوەش دراوە کە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن، سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە، سەنتەرەکانی چارەسەری کیمیایی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە و بانکەکانی خوێن بە شێوەی 24 کاتژمێری کراوە دەبن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، کە تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی (122) لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن و ئەمبوڵانس و سووتەمەنی پێویستیان بۆ دابین کراوە. هەروەها تیمی تەندروستی لە شوێنە گەشتیارییەکان، ڕێگا سەرەکییەکان و مەراسیمەکان جێگیر دەکرێن بۆ وەڵامدانەوەی هەر بارودۆخێکی لەناکاو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە سەرجەم فەرمانگەکان پابەندی ڕێکارەکانی پلانی فریاگوزاری پزیشکی بن، بەتایبەت لە ڕەوشی ئێستای ناوچەکە و ئەو گرژییە سەربازییانەی کە هەن، بۆ ئەوەی لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.
لە کۆتایی ڕێنماییەکاندا هاتووە، کە کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە شار و شارۆچکەکان کراوە دەبن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.