فەرمانگەی میدیا و زانیاری رێنمایی نوێ بۆ میدیاکان دەردەکات و دەڵێت، پێویستە رەچاوی دۆخی هەرێمی کوردستان بکەن و میدیاکان نابێت پاشماوەکانی درۆن لە ئاسمان و زەوی بڵاو بکەنەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیانراوێکدا دەڵێت: بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و هەستیارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت و لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی هەرێم، ئەم ڕێنمایی و هۆشدارییە کۆتاییانە ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن (ناوخۆیی و بیانی) دەکات.
هەر لە راگەیەنراوەکەدا پێنج خاڵ ئاراستەی میدیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات ئەمە ناوەڕۆکی خاڵەکانە:-
یەکەم: بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری و نهێنییەکی سەربازی کە خزمەت بە نەیارانی کوردستان بکات و زیان بە ئاسایشی هەرێم بگەیەنێت، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
دووەم: وێنەگرتن یان بڵاوکردنەوەی دیمەنی تێکشاندنی درۆنەکان لە ئاسماندا یان پیشاندانی پاشماوەکانیان قەدەغەیە، چونکە زانیاریی تەکنیکی و مەیدانیی هەستیار دەدات بە دوژمن.
سێیەم: دەرخستنی شوێنە بەئامانجگیراوەکان یان وێنەگرتنی دامەزراوە سیادی و ئەمنییەکان دەستبەجێ دوای ڕووداوەکان قەدەغەیە.
چوارەم: هۆشداری دەدەین کە هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت یان بە شێوازێکی ناپیشەیی ڕووماڵی هەواڵەکانی شەڕ و پەلامارەکان بکات، دەستبەجێ لەلایەن دژەتیرۆری کوردستانەوە ڕووبەڕووی لێپیچینەوە و سزای یاسایی دەبێتەوە.
پێنجەم: بەرامبەر سەرپێچیکاران، ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی توند دەگیرێتەبەر، کە دەگاتە کێشانەوەی مۆڵەتی کارکردن یان داخستنی هەمیشەیی، بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لە 13ی ئاداری 2026.
لە کۆتاییشدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری داوای لە سەرجەم میدیاکاران كرد، بەرژەوەندییە باڵاکان لەبەرچاو بگرن و بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.