نووسینگەی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق فەتوای لەسەر كێشان و بەكارهێنانی ڤەیپ لە كاتی بەڕۆژووبوون لە مانگی رەمەزانی پیرۆز دەكرد.
نووسینگەی عەلی سیستانی بڵاوی كردەوە: لەلایەن خەڵكەوە پرسیاری زۆر هاتووە سەبارەت بە ڤەیپ و جگەرە ئەلیكترۆنییەكان كە ئایا دەكرێت لە كاتی بەڕۆژووبووندا لە مانگی رەمەزانی پیرۆز بكێشرێت؟
وەڵامەكەی نووسینگەی عەلی سیستانی بۆ پرسیارەكە بەمشێوەیە بووە: وەك روونە كە لە كاتی كێشانی ڤەیپ و جگەرە ئەلیكترۆنییەكان گەردیلەكانی هەڵم لە دەم كۆدەبنەوە و دەچنە قورگەوە، ئەمەش وەك خواردن و خواردنەوە هەژمار دەكرێت، بەمەش بەپێی شەریعەتی ئیسلام نابێت و رۆژوو بەتاڵ دەكاتەوە.
نووسینگەی عەلی سیستانی هەر لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوەشداوە كە خۆپاراستن و وازهێنان لە جگەرە بە هەموو جۆرەكانییەوە واجبە.
ماوەیەكە كێشانی ڤەیپ و جگەرە ئەلیكترۆنییەكان لەنێو بەشێكی زۆری خەڵك لە مەزهەبی شیعە لە كاتی بەڕۆژووبووندا لە مانگی رەمەزانی پیرۆز تا دێت زیاتر دەبێت و پێیانوایە ئەمە رۆژوو ناشكێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.