ڕۆژنامەی "واڵ ستریت جۆرناڵ" ڕایگەیاند ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری داوە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواوی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە خاکی سووریا بکشێنێتەوە. بەم بڕیارەش، کۆتایی بە ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا دەهێنرێت کە زیاتر لە دە ساڵە لەو وڵاتەدا بەردەوامە.
سێ بەرپرسی ئەمریکی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە نزیکەی هەزار سەربازی ئەمریکی کە لە سووریا جێگیرن، بە شێوەیەکی پلەبەندی ئەو وڵاتە بەجێدەهێڵن. پێشتریش سوپای ئەمریکا چەندین بنکە و پێگەی گرنگی خۆی لە خاکی سووریا چۆڵ کردبوو.
ئامادەیی زەمینی ئەمریکا لە سووریا لە ساڵی 2014 و لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی "نەبەردی پێداگرانە" (Inherent Resolve) بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش دەستی پێکرد. هەرچەندە داعش لە ساڵی 2019 زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەدەست دا، بەڵام هێزە ئەمریکییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات کە هاوپەیمانی ئەمریکا بوون، ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش و بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، لەو وڵاتەدا مابوونەوە.
ئەمریکا پێشتریش لە بنکەی ستراتیژیی "تەنەف" کە دەکەوێتە نزیک سنوورەکانی سووریا، ئوردن و عێراق کشابووەوە. لەو بارەیەوە فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە، سەرەڕای کەمکردنەوەی هێزەکان، توانای سوپا بۆ پێکانی داعش و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە وەک خۆی بەهێز دەمێنێتەوە.
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، کشانەوەی تەواوەتی هێزەکان لە سووریا پەیوەندیی بە بەهێزکردنی توانای دەریایی و ئاسمانیی ئەمریکاوە نییە کە لەم دواییانەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دراوە. ئەم بڕیارەی واشنتن لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران ڕووی لە زیادبوون کردووە.
ئێران پێشتر هۆشداریی دابوو کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا، بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەئامانج دەگرێت.
ڕۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوەش کردووە، دۆناڵد ترەمپ بە سەرنجدان بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی مانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا چیتر پێویست نییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.