ئهمرۆ هەینی 13-2-2026، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی كۆشكی کرێملین ڕایگەیاند، کە دانوستانی نوێ لەگەڵ ئۆکراینا له هەفتەی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، لە کاتێکدا ململانێی نێوان هەردوو وڵات دەچێتە ساڵی پێنجەمی شهڕهوه.
ئاژانسی ههواڵی "فرانس پرێس" بڵاویكردووهتهوه: کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا خولی داهاتووی دانوستانەکان لە میامی یان ئەبوزەبی بەڕێوەدەچێت، پێسکۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "رێککەوتنێک هەیە کە هەفتەی داهاتوو ئەنجام بدرێت، ئێمە لە شوێن و بەروارەکان ئاگادارتان دەکەینەوە".
ڕۆژی چوارشەممە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا پشتڕاستی کردەوە کە واشنتۆن پێشنیاری ڕێکخستنی خولی سێیەمی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان کیێڤ و مۆسکۆی کردووە لە میامی هەفتەی داهاتوو، ئەمەش دوای دوو کۆبوونەوە كه لە ئەبوزەبی بەڕێوەچوو.
گوتهبێژی كۆشكی كرێملین ئاماژەی بەوەشکرد، کیێڤ ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە لە فلۆریدا، راشیگهیاند، "گرنگ نییە کۆبوونەوەکە لە میامی یان ئەبوزەبی ئەنجام بدرێت، ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەنجامەکان چۆن دهبێت."
ڕووسەکان و ئۆکراینییەکان و ئەمهریکییەکان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دوو خولی دانوستانیان لە ئەبوزەبی ئەنجامدا سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕ، لە کاتێکدا بۆردومانە کوشندەکانی ڕووسیا بەردەوامە و زیانێکی زۆر بە تۆڕی وزەی كارهبای ئۆکراینا كهوتووه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.