مۆرگان ماکسوینی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کێیر ستارمر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە ناوبراو رووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەوە بەهۆی پێشنیارکردنی پیتەر ماندلسۆن وەک باڵیۆزی بەریتانیا لە واشنتۆن، سەرەڕای هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ جێفری ئێپستاینی بازرگانی ئەمریکی کە بە تاوانەکانی دورگەکە ناسراوە.
مۆرگان ماکسوینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "دوای بیرکردنەوەیەکی قووڵ، بڕیارمدا دەست لەکار بکێشمەوە. دەستنیشانکردنی پیتەر ماندلسۆن هەڵە بوو، من بووم ئامۆژگاری سەرۆک وەزیرانم کرد بۆ ئەو دامەزراندنە و بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو بڕیارە هەڵدەگرم."
کێیر ستارمر لە کانوونی یەکەمی 2024 پیتەر ماندلسۆنی لەو پۆستە هەستیارەدا دامەزراند، بەڵام لە ئەیلوولی 2025 دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەکان لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێپستاین، لەکارەکەی دوورخرایەوە. ئێپستاین لە ساڵی 2019 لە کاتی چاوەڕوانی دادگاییکردنیدا، لە زیندانەکانی ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.
وەزارەتی دادی ئەمریکا بەڵگەنامەی نوێی بڵاوکردەوە کە دەری دەخەن پیتەر ماندلسۆن زانیاری نهێنی بازاڕەکانی بۆ ئێپستاین دزە پێکردووە، بەتایبەت کاتێک لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2010 وەزیر بووە لە حکوومەتەکەی گۆردن براون.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە بەردەم پەرلەماندا "پەشیمانی" خۆی دەربڕی و رایگەیاند کە پیتەر ماندلسۆن بە بەردەوامی درۆی لەگەڵ تیمەکەی کردووە کاتێک پرسیاری لێکراوە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێپستاین. ستارمر داوای لێبوردنی لە قوربانییەکانی ئەو بازرگانە ئەمریکییە کرد بۆ متمانەکردن بە پیتەر ماندلسۆن.
کیمی بادینۆک، سەرۆکی پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزسیۆن، رەخنەی توندی گرت و رایگەیاند کە پێویستە ستارمر بەرپرسیارێتی تەواوی بڕیارە هەڵبگرێت.
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لێکۆڵینەوەی لە بڕە پارەیەک دەستپێکردووە کە وەک "قەرەبووی کۆتایی خزمەت" دراوە بە پیتەر ماندلسۆن دوای دوورخستنەوەی. بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، پیتەر بڕی 38,000 بۆ 55,000 پاوەندی وەک قەرەبوو وەرگرتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.