Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 11:13

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا نامەیەکی بارزانیی نەمری پێشکەشی سەرۆک بارزانی کرد

کوردستان TV
100%

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی 6ی شوباتی 2026 لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە ژۆن نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کرد و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا نامەیەکی بارزانیی نەمری پێشکەشی سەرۆک بارزانی کرد کە لە ساڵی 1967 لە لایەن بارزانی نەمرەوە بۆ ژەنەڕاڵ دیگۆل سەرۆکی فەڕەنسا نێردرابوو.

لە دیدارەکەدا کە پاتریک دورێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و یان برێم کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر ئامادەی بوون، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە سەرۆک بارزانیی ڕاگەیاند سەرۆک ماکرۆن سڵاوی تایبەتی هەبووە و جەختی لە پەیوەندی و دۆستایەتی دوولایەنە و پاڵپشتیکردنی گەلی کوردستان کردووەتەوە.

هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی بۆ کوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەربڕی بە ئامانجی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی سیاسیی ناوچەکە و ڕاوێژ لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ گرفتەکانی ناوچەکە.

 وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئاماژەی  بە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک ماکرۆن و سەرۆک بارزانی دا لە هاندانی لایەنەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سووریا و ئەو هەوڵانەی بەرز نرخاند. پێزانینیشی بۆ ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی هەبوو لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە عێراق و ناوچەکە. هەروەها ڕۆشنایی خستەسەر پەیوەندییە مێژووییەکانی فەڕەنسا و گەلی کوردستان و نامەیەکی بارزانی نەمریشی پێشکەشی سەرۆک بارزانی کرد کە لە ساڵی 1967 لە لایەن بارزانی نەمرەوە بۆ ژەنەڕاڵ دیگۆل سەرۆکی فەڕەنسا نێردرابوو و لە ئەرشیڤی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسادا هەڵگیرابوو.

لە بەرامبەردا سەرۆک بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسای کرد و ئەو نامەیەی بە بەڵگەیەکی پڕبەها وەسف کرد کە سەلمێنەری پەیوەندی و دۆستایەتی لەمێژینەی گەلی کوردستان و گەلی فەڕەنسایە.

هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و سووریا و پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و پڕۆسەی سیاسی عێراق و هەرێم ئاڵوگۆڕ کرا و سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە خوازیاری ئەوەن سەرجەم کێشە و گرفتەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێگەی ئاشتیانە بگاتە چارەسەر و ناوچەکە سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت.

 سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دا و هیوای خواست پڕۆسەکە بە ڕێگەی دیالۆگ بگاتە ئەنجام و جەختی کردەوە هەمیشە پشتیوانی ئەو پڕۆسەیە بوونە.

سەبارەت بە ڕۆژاڤای کوردستان سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە هەموو هەوڵی خۆی بەکار هێنا بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لەوەی ناکۆکیی سیاسی بکرێتە شەڕی نەتەوەیی نێوان کورد و عەرەب و هەروەها ڕێگری لەوە بکرێت کە پاکتاوی ڕەگەزی لەدژی گەلی کورد لە سووریا ڕوو بدات. جەختیشی لەوە کردەوە کە پشتگیری لە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە دەکەین و هیوای خواست کە ئەو ڕێککەوتنە ببێتە بنەمایەک بۆ سەقامگیری و چارەسەری کێشەکان لەو قۆناغە.

لەبارەی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر سەرۆک بارزانی ئەوەی خستەڕوو کە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش لەئارادایە و پێویستە میکانیزمێکی گونجاو و هەماهەنگیی لەنێوان لایەنەکان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر و داعش.

لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی فەڕەنسای کرد کە هەردەم لە کاتە سەختەکاندا پاڵپشتی گەلی کوردستان بووە. وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی هەمیشە سۆزێکی تایبەتی بۆ دۆزی گەلی کوردستان هەبووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاڵپشتی ئەوەیە گەلی کوردستان بە ڕێگەی ئاشتیانە بە مافەکانی خۆی شاد ببێت و هەروەها وڵاتەکەی لەگەڵ پاراستنی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز دایە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.