ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتباری كوشتنی هاووڵاتییەكەی پیرەمەگروون لە سنووری پارێزگای سلێمانی راگەیاند، راشیگەیاند كە تۆمەتبار بۆ مەبەستی دزین و بردنی پارە ئەم تاوانەی ئەنجامداوە.
ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند: دوێنێ سێشەممە هاووڵاتییەك بەناوی (زیاد محەمەد) لە شارۆچکەی پیرەمەگروون لەلایەن تۆمەتبارێك تەقەی لێ كرا و كوژرا.
راشیگەیاند: دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەكان لەسەر ڕووداوەکە، دەرکەوت تۆمەتبار بەمەبەستی بردنی بڕێک پارە، بەچەکی جۆری دەمانچە هاووڵاتی (زیاد محەمەد)ی کوشتووە، هەروەها مەبەستی بووە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بەرەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵبێت.
ئاسایشی سلێمانی هەروەها رایگەیاند: لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئۆپڕاسیۆنەكانەوە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا تۆمەتباری بکوژ بەناوی (ه، ف، أ) لەدایکبووی 2006 لە شارۆچکەی چەمچەماڵ دەستگیر كرا.
جەختیشی كردەوە كە ئێستا تۆمەتبارەكە بە ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.
وێنە: زیاد محەمەد كوژراوەكەی دوێنێی پیرەمەگروون:-

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.