بڕیارە ئەمشەو چوارشەممە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەیەكی تایبەت و بەپەلە ئەنجام دەدەن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پۆستەكەی شەوی رابردووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا.
كۆبوونەوەكە لە نووسینگەی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە شاری بەغدا ئەنجام دەدرێت.
تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ دەبێت لەسەر پۆستەكەی شەوی رابردووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەفەرمی دژایەتی خۆی و وڵاتەكەی بۆ بەربژێركردنی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق راگەیاند.
ترەمپ لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ( تروس سۆشیال) نووسیبووی "بیستوومە کە رەنگە عێراق بژاردەیەکی زۆر خراپ بکات بە دووبارە دانانەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆک وەزیران".
هەروەها نووسیبووی "دوایین جار کە مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو، وڵاتەکە كەوتبووە نێو هەژاری و پاشاگەردانییەکی گەورە و نابێت رێگە بدرێت ئەمە دووبارە بێتەوە".
سەرۆكی ئەمریكا هەروەها نووسیبووی "ئەگەر جارێكی دیكە نووری مالیكی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چیتر یارمەتی عێراق نادات، ئەگەریش ئێمە لەوێ نەبین بۆ یارمەتیدان، عێراق هیچ چانسێكی بۆ سەرکەوتن، گەشەسەندن و ئازادی نابێت".
سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانی عێراق رۆژی شەممەی رابردوو بە "زۆرینەی دەنگ"، نووری مالیكی وەک بەربژێری گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاری كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.