سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا هۆشداریی دایە کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕایگەیاند کە هێزێکی دەریایی گەورە و بێوێنە بەرەو سنوورەکانی ئەو وڵاتە لە جووڵەدایە.
ڕۆژی چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەم، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: کەشتیگەلێکی جەنگیی مەزن کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن سەرکردایەتی دەکات، بە خێرایی و بە مەبەستێکی دیاریکراوەوە بەرەو ئێران بەڕێوەیە. ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم هێزە زۆر لەو کەشتیگەلە گەورەترە کە پێشتر ڕەوانەی ڤەنزوێلا کرابوو، هەروەها دووپاتی کردەوە کە هێزەکان ئامادە و خوازیارن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بە خێراییەکی زۆر ئەگەر پێویست بکات.
ترەمپ داوای لە تاران کرد کە بە زووترین کات بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ کە بەرژەوەندی هەموو لایەک بپارێزێت، بەو مەرجەی کە هیچ چەکێکی ئەتۆمی لە ئارادا نەبێت. ناوبراو نووسیویەتی: ''کات بەرەو تەواوبوون دەچێت و چرکەساتەکان یەکلاکەرەوەن، وەک پێشتریش گوتوومە: ڕێککەوتن بکەن''
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ترەمپ ئاماژەی بە مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و گوتی: ''پێشتر ڕێککەوتنتان نەکرد و ئۆپەراسیۆنی چەقوشەکەی نیوەشەو - Midnight Hammer ڕوویدا کە وێرانکارییەکی گەورەی لێکەوتەوە، بەڵام هێرشی داهاتوو زۆر لەوە خراپتر دەبێت''.
لە کۆتاییدا ترەمپ هۆشداریی دایە بەرپرسانی ئێران کە ڕێگە نەدەن جارێکی تر ئەو سیناریۆیە دووبارە ببێتەوە و داوای کرد بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.