دەستەی پەروەردە و فێرکردنی سەر بە بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە پەیامێکی فەرمیدا دەستخۆشی و پێزانینی خۆی ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لەپای بڕیاری تەرخانکردنی وانەی یەکەمی ڕۆژی یەکشەممەی سەرجەم قوتابخانەکانی هەرێم بۆ پشتگیریکردنی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.
یەکێتیی نەتەوەیی لە سەروو هەموو شتێکەوەیە
دەستەی پەروەردەی ڕۆژئاوا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لەم قۆناغە هەستیار و مێژووییەدا، نیشانەی خاوەنداریکردنە لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا و سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە یەکێتیی گەلی کورد لە سەروو هەموو شتێکەوەیە. لە پەیامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە "چارەنووسمان یەکە و سنوورە دەستکردەکان ناتوانن لە یەکمان داببڕن."
پەککەوتنی خوێندن لە ڕۆژئاوا بەهۆی شەڕەوە
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر دۆخی نالەباری ناوەندەکانی خوێندن لە ڕۆژئاوای کوردستان و هاتووە: "لە کاتێکدا دڵی قوتابیانی هەرێمی کوردستان لەناو پۆلەکاندا بۆ ئێمە لێدەدات، لە ڕۆژئاوا قوتابخانەکانمان بوونەتە پەناگە بۆ ئاوارەکان و قوتابیانمان لە خوێندن بێبەش بوون." ئاماژە بەوەش کراوە کە بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە، بەتایبەت لە ناوچەکانی جەزیرە و کۆبانی، پڕۆسەی خوێندن بە تەواوەتی وەستاوە و قوتابخانەکان کراونەتە کەمپی حەوانەوەی لێقەوماوان.
شەرمەزارکردنی هێرشەکان
دەستەی پەروەردە و فێرکردنی ڕۆژئاوا، وێڕای سوپاسگوزاری بۆ هەڵوێستی گەل و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، بە توندی ئەو شەڕە و "پڕۆسەی قڕکردنەی" دژ بە گەلی کورد لە ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت شەرمەزار کرد. لە کۆتایی پەیامەکەشدا هیوای سەرکەوتن و ئاشتی بۆ گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان خواستووە.
ئەم پەیامەی ڕۆژئاوای کوردستان دوای ئەوە دێت، کە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەی یەکەمی ڕۆژی یەکشەممەی سەرجەم قوتابخانە حکومی و ئەهلییەکان بۆ باسی هاوسۆزی و پشتگیریی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان تەرخان بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.