سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد، حکوومەتی سووریا و هێزە کوردییەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست، بەپێی مەرجەکان سوپای سووریا ناچێتە ناو شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و هەسەدە بەشداری لە بەڕێوەبردنی وڵات دەکات.
سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، حکوومەتی سووریا و هێزە کوردییەکان ڕەزامەندییان داوە لەسەر درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستەی کە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە کۆتایی دێت. بەپێی سەرچاوەکان، درێژکردنەوەکە ڕەنگە بۆ ماوەی مانگێک بێت.
سەرچاوەیەک لە حکوومیی سووریا ئاشکرای کرد، تەواوکردنی پڕۆسەی گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش یەکێکە لە هۆکارەکانی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە.
هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی کردووە بە گواستنەوەی 7 هەزار زیندانیی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق. بەرپرسانی عێراق پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ڕۆژی چوارشەممە کاروانێکی 150 کەسی گەیشتوونەتە عێراق کە سەرکردەی دیار و چەکداری ئەورووپییان تێدایە.
سەبارەت بە دانوستانە سیاسییەکان، سەرچاوەیەکی کورد ڕایگەیاندووە کە هەسەدە لە ڕێگەی (تۆم باراک)ـی نێردەی ئەمریکاوە پێشنیازێکی داوەتە دیمەشق، کە تێیدا هاتووە حکوومەت دەروازە و سنوورەکان بەڕێوە ببات بۆ زامنکردنی ئاسایش.
هەروەها سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە بەربژێری خۆی بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری بەرگری پێشکەش کردووە و لیستێکیش بۆ پەرلەمان ئامادە دەکات.
بەپێی تێگەیشتنە نوێیەکە کە سەرۆکایەتیی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، سوپا بچێتە هەر شوێنێک نابێت بچێتە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و گوندە کوردییەکان، تەنیا هێزی ئەمنیی ناوخۆیی لەوێ دەمێننەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.