ئەمڕۆ هەینی، فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پلاتفۆرمی ئێکس چەندین بەڵگەنامەی دۆکیۆمێنتاری بڵاوکردەوە کە دژی گەلی کوردانی سووریا کراوە و دەڵێت. بەهۆی نەبوونی چاودێری نێودەوڵەتی و ىڕێنی هێڵەکانی پەیوەندی قەبارەی راستەقینەی کارەساتەکە دیار نیە و لە بڵاوکراوەکە زۆر گەورەترە.
بەڵگەنامەیەکی نوێ کە کۆمەڵێک بەڵگەی ڤیدیۆیی و دۆکیۆمێنتاری لەخۆدەگرێت، زنجیرەیەک تاوانی جەنگی مەترسیدار ئاشکرا دەکات کە لە ماوەی کەمتر لە 17 ڕۆژدا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب ئەنجامدراون.
بەپێی ئەو لیستە وردەی بڵاوکراوەتەوە، هێزەکانی حکوومەتی سوریا و گروپە توندڕەوەکانی سەر بە "جۆلانی"، چەندین پێشێلکاریی دڕندانەیان دژی هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجامداوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
دۆکیۆمێنتکردنی چەندین حاڵەتی کوشتنی بەکۆمەڵی گەنجانی کورد و گولـلەبارانکردنی بریندارەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.
تۆپبارانکردن و گەمارۆدانی نەخۆشخانەی "خالید فەجر" بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ، کە تێیدا بریندار و مەدەنییەکان بێ خۆراک و دەرمان مابوونەوە.
بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی شێواندن و سوکایەتیکردن بە تەرمی شەڕڤانانی کورد (بەتایبەت ژنان) و فڕێدانیان لە باڵەخانە بەرزەکانەوە.
بەڵگە ڤیدیۆییەکان دەریدەخەن کە گروپە چەکدارەکان بە مەبەست دەرگای زیندانەکانیان (وەک کامپی هۆڵ) بۆ چەکدارانی داعش کردووەتەوە و وەک "ڕزگارکەر" پێشوازییان لێ کردوون.
بەکارهێنانی وشەی نەشیاو وەک "بەراز" بۆ کوردەکان و هەڕەشەی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە.
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە ئەم تاوانانە تەنها "نموونەیەکی بچووک"ن و بەهۆی نەبوونی چاودێری نێودەوڵەتی و بڕانی هێڵەکانی پەیوەندی، قەبارەی ڕاستەقینەی کارەساتەکە زۆر لەوە گەورەترە کە بڵاوکراوەتەوە.
ئەم بەڵگانە وەک "کەیسێکی یاسایی" ئامادەکراون تا ڕادەستی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بکرێن بە مەبەستی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.