Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 16:21

مارک ساڤایا: گەندەڵی نەخۆشییە بنەڕەتییەکەی عێراقە و میلیشیاکان تەنها نیشانەی ئەو نەخۆشییەن

کوردستان TV
100%

مارک ساڤایا، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هۆشداری دەدات کە چاککردنی دۆخی عێراق بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی یەکلاکەرەوەی گەندەڵی مەحاڵە. ئەو دەڵێت: "گەندەڵی نەخۆشییەکەیە و میلیشیاکان تەنها نیشانەی دەرکەوتەی ئەو نەخۆشییەن."

ساڤایا ئاماژەی بەوە کردووە کە زانیاریی وردی لەبەر دەستە لەسەر چۆنیەتیی گواستنەوەی پارەی نایاسایی لە عێراقدا. بە وتەی ئەو، ئەم پارانە تەنها لە ڕێگەی بەرپرسە باڵاکانەوە ناڕۆن، بەڵکوو لە ڕێگەی تۆڕێکی فرەچەشن لە "ئەندامانی خێزان، هاوڕێیان، پاسەوانان، شۆفێرەکان و نێوەندگیرەکان" ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرێت. ئەم پێکهاتەیەش وای کردووە کە بەرپرسە باڵاکان لە لێپرسینەوە بپارێزرێن و بتوانن نکوڵی لە تێوەگلانی خۆیان بکەن، لە کاتێکدا سیستەمە گەندەڵەکە بە تەواوی کارا دەبێت.

ساڤایا جەختی کردووەتەوە کە ئەم تۆڕە داراییە نایاساییە، سیستەمێکی زۆر ئاڵۆزە و بە مەبەست بەم شێوەیە داڕێژراوە؛ زیاتر لە ٢٠ ساڵە چالاکە و توانیوویەتی سەرجەم ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و میکانیزمەکانی وردبینی دارایی تێپەڕێنێت. هەر لە ڕێگەی ئەم سیستەمە گەندەڵەیشەوەیە کە گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ڕووی داراییەوە بەهێز کراون و پارێزگارییان لێ دەکرێت.

ڕاسپێردراوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق پێی وایە هەر هەوڵێکی جدی بۆ سەقامگیرکردنی عێراق و گێڕانەوەی سەروەرییەکەی، دەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو تۆڕە گەندەڵیانەوە دەست پێ بکات کە میلیشیاکان دەپارێزن. داواشی کردووە سەرچاوە گەورەکانی پارەی گەندەڵ ڕابگیرێن، لەوانە:

  • مووچە و میلاکی وەهمی (بندیوار)
  • قەرزە ساختەکان
  • دارایی و سەرمایە خەیاڵییەکان

لە کۆتاییدا مارک ساڤایا هۆشداریی داوە کە بەبێ بڕینی سەرچاوە داراییە گەندەڵەکان، هەموو هەوڵەکانی دیکە بۆ چاکسازی لە عێراقدا ڕووبەڕووی شکست دەبنەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.