فەیلەسووف و بیرمەندی ناسراوی فەرەنسی، لە پەیامێکی تونددا ڕەخنە لە سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە گەلی کورد دەگرێت و هەڵوێستی ئێستایان بە ناپاکی و بێوەفایی وەسف دەکات.
ڕۆژی سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەم، بێرنارد هێنری لیڤی فەیلەسووف و بیرمەندی ناسراوی فەرەنسی، ڕایگەیاند: ''نابێت هەرگیز ئەوە لەبیر بکەین کە شەڕڤانە قارەمانەکانی ژێر فەرماندەیی جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی بوون داعشیان تێکشکاند، لەو کاتەی کە داعش ببووە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر تەواوی مرۆڤایەتی''.
ئەو فەیلەسووفە فەرەنسییە ئاماژە بەوەش دەکات کە سەرەڕای تێکشکاندنی خەلافەتی داعش، هێشتا کوردەکان ئەرکە قورسەکەیان لە پێناو جیهان کۆتایی نەهاتووە. ئەو دەڵێت: ''پێویستە لەبیرمان بێت کە ئێستا کوردەکان پاسەوانی ئەو زیندانانە دەکەن کە خراپترین و مەترسیدارترین تیرۆریستانی سەر گۆی زەوییان تێدا دەستبەسەر کراوە''.
بێرنارد هێنری لیڤی، کە بە یەکێک لە دۆستە دێرینەکانی گەلی کورد دەناسرێت، پشتگوێخستنی کورد لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە وەک ''یەکێک لە ناخۆشترین و جێگەی نیگەرانیترین وەرچەرخانە سیاسییەکانی سەردەمی ئێستا'' ناودەبات و هۆشداری دەدات لە لێکەوتە ئەخلاقی و سیاسییەکانی ئەم بێوەفاییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.