ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانیان زنجیرەیەک هێرشی چەکدارانی سەر بە حکومەتی دیمەشقیان لە میحوەرەکانی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆبانی تێکشکاندووە و زیانی گیانی و ماددیی زۆریان پێ گەیاندوون.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، شەڕ و پێکدادانەکان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ 20ـی کانوونی دووەمی 2026، لە نێوان کاتژمێر 3:00 بۆ 6:00ـی بەیانی ڕوویان داوە. لە بەرەی "سرین" کە دەکەوێتە باشووری شاری کۆبانی، چەکدارانی دیمەشق دوو هەوڵی یەک لە دوای یەکیان داوە بۆ ئەنجامدانی هێرش، بەڵام لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە بە توندی بەرپەرچ دراونەتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاشکرای کردووە لە ئەنجامی پێکدادانەکانی میحوەری سرین، ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان و زرێپۆشەکانی هێرشبەران تێک شکێنراون و سەرجەم ئەو چەکدارانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا بوون کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە و لە ناوچەی "ئەبو سورە"، هێزەکانی هەسەدە گورزێکی ورد و کاریگەریان لە کاروانێکی سەربازیی ئەو گرووپە چەکدارانە وەشاندووە، کە بووەتە هۆی تێکشکاندنی هێزەکەیان و ناچارکردنیان بە پاشەکشە و هەڵاتن لە ناوچەکە.
هاوکات، هەوڵێکی دیکەی پێشڕەوی لە میحوەری گوندی "خان مامەد" لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆبانی لەلایەن شەڕڤانانەوە پووچەڵ کرایەوە. لەوێشدا هێزە هێرشبەرەکان دوای بەرکەوتنی گورزی کوشندە، پلانەکانیان تێکچووە و ناچار بە کشانەوە کراون.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیان لە ئامادەباشی تەواوی هێزەکانیان کردووەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر دەستدرێژییەک و ڕایانگەیاندووە کە بە هەموو هێز و پێداگرییەکەوە بەردەوام دەبن لە پاراستنی گەل و خاکەکەیان. بڕیارە لە کاتێکی دیکەدا وردەکاریی زیاتر لەبارەی ئاماری زیانەکان بڵاوبکرێتەوە.
هەسەدە زنجیرەیەک هێرشی چەکدارانی دیمەشقی لە دەوروبەری کۆبانێ تێک شکاند
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.