بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەی گەرما و دروستبوونی شەختە دەکات.
ڕۆژی سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەم، بەڕێوبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ڕایگەیاند: ئاسمان لە ناوەڕاست و باکووری هەرێم لە نێوان ساماڵ و نیمچە هەوردا دەبێت. بەڵام لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و دابارینی بەفر و بارانی پچڕپچڕ تا کاتەکانی نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت، پاشان کاریگەرییەکەی کۆتایی دێت و پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ 3 بۆ 5 پلە نزم دەبێتەوە.
بۆ سبەی چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەم، کەشناسیی پێشبینی دەکات ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵە هەور بێت وە هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکانیش نیمچە هەور دەبێت. پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئاگاداری هاووڵاتییان دەکەینەوە کە بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی، لە زۆرێک لە ناوچەکان بەتایبەت ئەو شوێنانەی بەفریان لێ باریوە، شەختە و بەستن (بەستەڵەک) ڕوودەدات، بۆیە پێویستە شۆفێران و هاووڵاتیان لە کاتی هاتووچۆدا وریاتر بن.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی بە پلەی سیلیزی:
| شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان | سێشەممە | چوارشەممە |
| هەولێر | 7 | 9 |
| سلێمانی | 5 | 7 |
| دهۆک | 5 | 6 |
| کەرکووک | 8 | - |
| هەڵەبجە | 5 | 7 |
| زاخۆ | 5 | 7 |
| چەمچەماڵ | - | 8 |
| حاجی ئۆمەران | -4 | -3 |
| پیرمام | 3 | - |
| ئاکرێ | - | 8 |
| سۆران | 3 | - |
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.