ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی کانوونی دووەمی 2026، کارەکانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە شارۆچکەی داڤۆس لە سویسرا بە بەشداریی سەرکردە و کەسایەتییە کاریگەرەکانی جیهان بە فەرمی دەست پێ دەکات.
شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، بە مەبەستی ئەنجامدانی چەندین دیداری گرنگی سیاسی و ئابووری لەم کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەدا بەشدارن.
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو بە فەرمی "ماڵی کوردستان" لە داڤۆس کرایەوە، بڕیارە هەر لە ئەمڕۆوە چالاکییەکانی شاندەکە و دیدارە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان دەست پێ بکەن. "ماڵی کوردستان" وەک بنکەیەکی سەرەکی و ستراتیژی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان بەکار دەهێنرێت و ئامانج لێی ناساندنی ڕاستەوخۆی دەرفەتە هەمەجۆرەکانی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانە بە جیهان.
بەگوێرەی کارنامەی شاندەکە، مەسرور بارزانی لە ماوەی ڕۆژانی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکەدا، زنجیرەیەک دیداری ئاستبەرز لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان، وەزیران و خاوەنکار و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدات. تەوەری سەرەکیی ئەم کۆبوونەوانە تیشک خستنە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان و گفتوگۆکردنە لەبارەی میکانیزمەکانی ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوورییە.
لەم خولەی کۆڕبەندی داڤۆسدا، شاندی هەرێمی کوردستان بە شێوازێکی فراوانتر بەشدارە و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەتیش یاوەریی سەرۆکی حکومەت دەکەن. ئامانجی بەشداریی کەرتی تایبەت بریتییە لە دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانیی نوێ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا، تاوەکو بتوانن پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ بازاڕە جیهانییەکان بدەن و دەرفەتی نوێ بۆ ئابووریی کوردستان دەستەبەر بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.