بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین دەستگیرکردنی باندێکی سێ کەسیی دزیکردنی لە ڕانیە ڕاگەیاند، کە لە ماوەی کەمتر لە 48 کاتژمێردا ناسنامەیان ئاشکرا کراوە و دانیان بەوەدا ناوە کە لە شاری هەولێریش دزییان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی 8/1/2026، هاووڵاتییەک سەردانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕانیەی کرد و سکاڵای تۆمار کرد کە لە گەڕەکی کێوەڕەشی شاری ڕانیە ماتۆڕێکی سێ تایەی لێ دزراوە، دەستبەجێ پەڕاوی لێکۆڵینەوە کرایەوە.
پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشکرای کرد، دوای بەدواداچوونی ورد، هێزەکانیان توانییان لە ماوەی کەمتر لە 48 کاتژمێردا بە هاوکاریی ئاسایشی ڕاپەڕین و پۆلیسی فریاکەوتن، ناسنامەی تۆمەتباران ئاشکرا بکەن و دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ئـ. ل. ع) و (هـ. ئـ. ش. م) دەستگیر بکەن، هەروەها تۆمەتباری سێیەم بە ناوی (ڕ. ج. ئـ) خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گیراوە کە لە کاتی دزیکردنەکەدا بەکاریان هێناوە، هەروەها دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی دیکەشدا گیراوە کە تۆمەتباران لە پارێزگای هەولێر دزیبوویان.
سەبارەت بە دانپێدانانەکانیان، پۆلیس ڕوونی کردووەتەوە کە تۆمەتباران لەبەردەم دادوەر دانیان بەوەدا ناوە کە پێشتر چەندین ماتۆڕسکیلی دیکەشیان لە پارێزگای هەولێر دزیوە.
لە ئێستادا هەر سێ تۆمەتبار کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵە، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.