Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 06:00

ڕۆیتەرز:  ئەمریکا بنکەی ئاسمانیی سەربازیی خۆی لە قەتەر چۆڵ دەکات

کوردستان TV
100%

 ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاشکرای کرد ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فەرمانی بە ژمارەیەک لە کارمەندانی سەربازیی خۆی کردووە، دەستبەجێ و تا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، بنکەی ئاسمانی "العودەید" لە قەتەر چۆڵ بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز کە لە زاری سێ دیپلۆماتکارەوە دەستی کەوتووە، بڕیارەکە بە شێوەیەکی "بەپەلە" دەرچووە. بنکەی ئاسمانی "العودەید" بە گەورەترین بنکەی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت و نزیکەی ١٠ هەزار سەربازی تێدا جێگیر کراوە، کە ناوەندێکی سەرەکییە بۆ ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا.

ئەم پەرەسەندنە ئەمنییە لە کاتێکدایە کە پێشتر و لە میانی شەڕێکی ١٢ ڕۆژەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی مووشەکی کردبووە سەر ئەم بنکەیە، ئەوەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بە سەلامەتیی هێزەکانی ئەمریکا زیاتر کردبوو.

ئەمە یەکەمجار نییە ئەمریکا هەنگاوی لەو شێوەیە دەنێت؛ لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووشدا و بەر لە دەستپێکردنی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەشێک لە کارمەندانی سەربازی لە بنکەکانی تری ناوچەکە گوازرابوونەوە، کە ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆنی نوێ یان خۆپارێزی لە هەڕەشەکان لێک دەدرێتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم جموجۆڵە سەربازییانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی ئاراستەی گەلی ئێران کرد و ڕایگەیاند: "هاوکاری لە ڕێگایە، با مەزنی و شکۆ بۆ ئێران بگەڕێنینەوە."

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.