Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 03:49

وڵاتانی جیهان هۆشداری بەپەلە دەدەنە هاووڵاتییانیان: "بە زووترین کات ئێران جێ بهێڵن"

کوردستان TV
100%

لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان و توندبوونی پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناڕەزایەتییەکان، ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و جیهان هۆشداریی توند دەدەنە هاووڵاتییانیان کە نەک هەر سەردانی ئێران نەکەن، بەڵکو ئەوانەشی لەوێ نیشتەجێن بە زووترین کات ئەم وڵاتە بەجێ بهێڵن.

 

ئەمریکا: پشت بە حکومەت مەبەستن و ئێستا بڕۆن

باڵیۆزخانەی ئەلیکترۆنیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد "هەر ئێستا" ئێران جێبهێڵن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بۆ چوونە دەرەوە لە ئێران پلانێکتان هەبێت کە پشت بە هاوکاریی حکومەتی ئەمریکا نەبەستێت."

هەروەها ئەمریکا هۆشداریی داوە کە ئەگەری بڕانی بەردەوامی ئینتەرنێت هەیە و داوای لە هاووڵاتییانی کردووە ئەگەر ڕێگەی ئاسمانی نەبوو، لە ڕێگەی وشکانییەوە بەرەو تورکیا یان ئەرمینیا بڕۆن. باڵیۆزخانەکە جەختی کردووەتەوە کە ئەو کەسانەی ڕەگەزنامەی دووانییان (ئەمریکی-ئێرانی) هەیە، لە مەترسییەکی گەورەی دەستگیرکردن و لێپرسینەوەدان، چونکە ئێران دان بە ڕەگەزنامەی دووەمدا نانێت.

 

ئەوروپا و کەنەدا: مەترسی "دەستگیرکردنی هەڕەمەکی" هەیە

ئەڵمانیا یەکێکی دیکە بوو لەو وڵاتانەی داوای لە هاووڵاتییانی کرد بەپەلە ئێران جێبهێڵن و هۆشداریی دا کە ئەوانەی دەمێننەوە، مەترسی "دەستگیرکردنی هەڕەمەکییان" لەسەرە. باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە بارودۆخی ئێستادا تەنیا دەتوانێت "هاوکارییەکی زۆر سنووردار" پێشکەش بە هاووڵاتییانی بکات.

کەنەدا و ئوسترالیاش هاوشێوەی وڵاتانی دیکە، داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە خاکەکە جێ بهێڵن. ئوسترالیا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە: "ئەگەر بەپێچەوانەی هۆشدارییەکانی ئێمە لە ئێران بمێننەوە، بەرپرسیارێتیی پاراستنی گیانی خۆتان لە ئەستۆی خۆتاندایە."

 

کەمکردنەوەی فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەکان

فەرەنسا هەنگاوێکی زیاتری ناوە و ڕایگەیاندووە فەرمانبەرە "ناپێویستەکانی" باڵیۆزخانەکەی لە تاران کشاندووەتەوە، هەرچەندە باڵیۆز و ستافە سەرەکییەکان بۆ ڕاییکردنی کارەکان ماونەتەوە. هاوکات وڵاتانی وەک سوید، بەریتانیا و هیندستان هۆشدارییەکانی گەشتکردنیان بۆ ئێران گەیاندووەتە بەرزترین ئاست و داوای چوونە دەرەوەی هاووڵاتییانیان دەکەن.

 

ئەم شەپۆلە لە هۆشداریی وڵاتان نیشانەی تێکچوونی باری ئەمنی و زیادبوونی مەترسییەکانە لە ناوخۆی ئێران، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی فشارەکانیان بۆ سەر ناڕەزایەتییەکان توندتر کردووەتەوە و سەرۆکی ئەمریکاش هەڕەشەی کاردانەوەی توندی کردووە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.