Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 12:48

وەزیری بەرگریی ئێران: ئامادەین و بەرپەرچی هەموو هێرشێك دەدەینەوە

کوردستان TV
100%

وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاند كە وڵاتەكەی لەڕووی بەرگرییەوە لە بارودۆخێكی باش دایە، جەختیشی كردەوە كە تاران بەهەموو هێزییەوە رووبەڕووی هێرشەكان دەبێتەوە.

عەزیز نەسیر زادە وەزیری بەرگریی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: وەڵامی توندمان بۆ هەموو هێرشێك دەبێت، بەهیچ شێوەیەكیش رێگە نادەین كەس هەڕەشەمان لێ بكات.

وەزیری بەرگریی ئێران گوتیشی: لە كاتی هێرشدا، سەرجەم بنكەكانی ئەمریكا و ئەو وڵاتانەی هاوكاری و ئاسانكارییان بۆ دەكەن لە ناوچەكەدا دەكەوێتە بەر ئامانجەكانمان.

هەروەها گوتی: لەڕووی بەرگرییەوە بارودۆخمان زۆر باشترە لە كاتەكانی جەنگی رابردوو، ئەویش بەهۆی ئەو رێكارانەی ئەنجاممانداوە.

ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگریی ئێران لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پەیامێكی بەپەلە و توندی لەبارەی خۆپیشاندەرانی ئێران بڵاو كردبووەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تروس سۆشیال) بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران نووسیبووی "بەردەوام بن لە خۆپیشادان و كۆنتڕۆلی دامەزراوەكان بكەن".

ترەمپ هەروەها نووسیبووی"ناوی هەموو ئەو كەسانە تۆمار بكەن كە توندوتیژییەكان ئەنجام دەدەن و هەروەها هاووڵاتییان دەكوژن، بێگومان ئەوان باجێكی گەورە و قورس دەدەن".

سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشدابوو "سەرجەم كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنەكانم لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەڵوەشاندۆتەوە".

لە كۆتایی پەیامەكەدا دۆناڵد ترەمپ دڵنیایی دابووە خۆپیشاندەران و رایگەیاندبوو "ئێوە بەردەوام بن، هاوكارییەكانی ئێمەش بۆ ئێوە لە رێگایە".

ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكان لە شارەكانی ئێران لە رۆژی 28ی مانگی رابردووەوە دەستی پێ كردووە، لە چەند رۆژی رابردوو خۆپیشاندانەكان گەشتۆتە لووتكە و زۆربەی شارەكانی گرتۆتەوە، ئەویش بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و گرانی نرخی كاڵا و شتومەك و سەختی ژیانە لەو وڵاتەدا.

لای خۆیەوە رێكخراوی (ئێران هیومن رایتس وۆچ) سەبارەت بە ژمارەی قوربانییەكان لە خۆپیشاندانەكاندا ئاماژەی بەوە دابوو كە تا ئێستا زیاتر لە 6 هەزار كەس كوژراون.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.