سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاماری ساڵی ڕابردووی تایبەت بە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بڵاو دەکاتەوە و ڕایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەسەر هاووڵاتییان، هەزاران سەگ لە شەقامەکانەوە ڕەوانەی شێڵتەر کراون.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی پلانەکانیاندا و لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزییەوە، تەنیا لە ماوەی ساڵی 2025ـدا و لەناو سەنتەری شاری هەولێر، توانراوە 8 هەزار و 437 سەگی بێلانە لە شەقام و کۆڵان و گەڕەکەکاندا کۆبکرێنەوە.
شارەوانیی هەولێر ڕوونی کردووەتەوە کە ئامانج لەم هەڵمەتە کەمکردنەوەی مەترسیی پەلاماردانی هاووڵاتییان بووە و سەگەکان ڕەوانەی شێڵتەری حەوانەوەی ئاژەڵە بێلانەکان کراون.
لەبارەی چارەسەرکردنیانەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەشێکیان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان کوتانیان بۆ کراوە (ڤاکسین کراون) و نەزۆک کراون، پاشان لە دەشتاییەکانی دەرەوەی شار ئازاد کراونەتەوە.
هەروەها جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ستافێکی شارەزا بەڕێوەبردنی شێڵتەرەکەیان لە ئەستۆیە و خۆراک و چارەسەری پێویست بۆ سەگەکان دابین دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.